پۆلیسی سۆران: نزیکەی 500 کەسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاککردووە
زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بڵاوی كردۆتەوە، دوای تۆماركردنی سكاڵایەك لەلایەن هاوڵاتییەكەوە لەسەر ئەوەی ئەكاونتی ( فیسبووك )ی كەسی خۆی هاك كراوە، بەهۆیەوە چەندین هەڕەشەی مەترسیداری لێكراوە، دەست بەجێ تیمەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران توانیان سەرەداوی هاككەرەكە دەست نیشان بكەن و پاشان هەوڵەكان چڕ كرانەوە لەلایەن تیمە تەكنیكیەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران، خۆشبەختانە توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و لەرێكەوتی ٢٠٢٣/٩/١٩ دەستگیر بكرێت.
عەقید شەماڵ دێواری، گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” هاككەكە ناوی ” س،م،م ” لەدایك بووی ( ٢٠٠٦ ) دانیشتووی شاری سۆران، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار دانی بەتاوانەكەی نا كە نزیكەی ” 500 ” كەسی لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان هاككردوە.
گووتیشی:” ئامانجی هاككەرەكە لەم تاوانە، بەدەست خستنی پارە بووە، بەبریاری دادوەر بەپێی ماددە ( ٢ ) لەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە”.