موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی
بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و چارەسەری خێرای حاڵەتە نەخوازراوەكان و دروست نەبوونی جەنجاڵی لەسەر نەخۆشخانەی سیدەكان، ساڵی رابردوو، باڵەخانەیەك بۆ بەشی فریاكەوتن لە ناوچەكە دروست كراوە و ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا دەكرێتەوە .
كاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەسەر بوددجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی نزیكەی 110 ملیۆن دینار، باڵەخانەیەك بە شێوەی مۆدێرن بۆ بەشی فریاكەوتن لە سەنتەری قەزای سیدەكان دروست كراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سۆرانیش سەرجەم كەلوپەل و پێداویستی و دەرمانی بۆ دابین كراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران و قایمقامی قەزای سیدەكان و بەرپرسانی دیكەی تەندروستی بەشی فریاكەوتن بۆ یەكەمینجار لە سیدەكان دەكرێتەوە.
ئاشكراشی دەكات، بەشی فریاكەوتنی سیدەكان پێكهاتووە لە تاقیگە، شوێنی مانەوەی نەخۆشی ئافرەتان و پیاوان، هێلكاری دڵ، دەرمانخانە، شوێنی مانەوەی كارمەندان و ئێشكگران.
بە گووتەی ئەو بەرپرسەی تەندروستی، بەشی فریاكەوتن بۆ سیدەكان زۆر پێویستە، دەڵێت، ناوچەیەكی سنووری دوورەدەستە و بەردەوام تۆپباران و بۆردومان و شەڕ و پێكدادانی لێیە، ئەمە جیا لە رووداوەكانی مین و ئۆتۆمبێل، بۆیە بەشی فریاكەوتن دەبێتە ئاسانكاریەكی باش و دەتوانرێ لەمەودووا بە خێرای چارەسەری ئەو حاڵەتانە بكات.