زاری کرمانجی – سیدەکان:
لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەهۆی هۆشدارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان، سەرجەم ڕەوەند و کۆچەری و کاسبکارانی ناوچەکە کوێستانەکانییان پێ چۆڵکرا، زاری کرمانجی زانیاری لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە ئاشکرا دەکات.
موڕشید برادۆستی پەیامنێری زاری کرمانجی لە سیدەکان، ڕایگەیاند:” بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستی ئێمەیە،کۆماری ئیسلامی ئێران 19ی ئەیلوولی دیاری کردبوو، وەک دوا وادە بۆ لێدان و کردنە ئامانجی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات، بەو هۆیەوە بەر لە دوو ڕۆژ تەواوی ڕەوەند و کۆچەرییەکان کوێستان و ناوچە سنوورییەکانیان جێهێشت .
زاری کرمانجی زانیوەتی، بەر لەو وادەیەی دیاری کرابوو، پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە سنوورەکانی قەزای سیدەکان کشاونەتەوە و بنکە و بارەگاکانیان لە دەڤەرەکە چۆڵکردووە .
پەیامنێری زاری کرمانجی، ئاشکراشی کرد:” تا ئێستا هیچ تۆپباران و بۆردومانێکی دەڤەری برادۆست نەکراوە، بە تایبەت لەو وادەی دیاری کرابوو، ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی دەڤەرەکە تەواو ئارامە.
گووتیشی:” تەنها لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی تۆپبارانی ئێران لە سنووری سیدەکان، هاووڵاتییەک شەهید و سێی دیکەش برینداربوون، ئەوەی گیراوەتەبەر بە گوتەی یەکەی کارگێڕی ناوچەکە، ڕاچاوکردنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و کاسبکاران بووە.
قەزای سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان کوردستان، توركیا و ئێران، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، خاوەنی 250 گوند و چەندین کوێستانی هەیە، زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان و نائارامی لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.