زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و رووبەڕبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماری ئەو جوتیار و كۆچەریانە دەخاتەڕوو، كە لە ترسی تۆپباران و بۆردوومانەكانی وڵاتی ئێران ناوچە سنوورییەكانیان جێهێشتووە، دەشڵێت: ” ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەولێر ئاگادار كردووەتەوە، كە دەستی هاوكاری بۆ ئەم خێزانانە درێژ بكات كەچی تا ئێستا بێ وڵامن”.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و رووبەڕبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گووتیشی: ” بەپێی ئامارەكانمان تا ئێستا لە ترسی بۆردومان و تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە 1800 خێزانی كۆچەری ئاژەڵدار و جوتیارو هەنگەوانان، كوێستان و ناوچە سنوورییەكانی قەزاكانی چۆمان و سیدەكانیان جێهێشتووەو بەردەوامیش لە گەڕانەوەدان”.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و رووبەڕبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە ساڵانە لەم وەرزەدا بە هۆكاری سیاسی ناوچە سنوورییەكانی ئیدارەی سۆران بۆردومان و تۆپباران دەكرێن و ئاژەڵداران و كۆچەری جوتیاران و خەڵكی گوندە سنوورییەكان لەم نێوانەدا دەبنە قوربانی و زیانی گەورەدەدەن.
ئەوەش دەخاتەڕوو “ پێویست بوو حكومەتی عێڕاق قەربووی لێقەوماوان بكاتەوە, بەڵام وەك هەمیشە بێدەنگە لە ئاست خەڵكی هەرێمی كوردستان.