موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەکان کەشێکی نائارام لە ناوچە سنووری و کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست دروست بووە، ئەمەش وای کردووە ڕەوەند و کۆچەری و جوتیار و کاسبکارەکان بە ترسەوە ڕوو لە کوێستانەکان بکەن، ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵانی دیکە، بە ناچاری بەر لەوادەی خۆی ناوچەکەیان پێ چۆڵکرا .
ماوەی دوو ڕۆژە ڕەوەند و کۆچەری و کاسبکاران، کە ژمارەیان سەرووی هەزار ماڵ بوو، لەلایەن یەکەی کارگێڕی ناوچەکه هۆشداریان پێدرا و لەو وادەی بۆیان دیاری کرا، بەخێرایی ناوچەکەیان چۆڵ کرد و گەڕانەوە.
محەمەد شاکر خاوەن ژمارەیەکی زۆری مەڕ و بزنە و یەکێکە لەو ڕەوەند و کۆچەرییانەی کوێستانەکانی برادۆستی جێهێشتووە، بە زاری کرمانجی گووت:” ئاگادار کراینەوە کە لەماوەی دوو ڕۆژدا کوێستانەکان جێبهێڵین و ڕوو لە گەرمیان بکەین، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ کوێستانەکانمان هێندە زوو جێنەهێشتووە، ئەمەش ئەرکی ئێمە قورس دەکات و دەبێتە هۆکارێک کەوا هاووڵاتی واز لە کاری ئاژەڵداری و مەڕداری بهێنێت، چونکە هێشتا چەند مانگێکی ماوە بۆ زستان و خەرجی زۆرمان لەسەر دەوەستێت”.
زیاتر گووتی:” پێویستە حکوومەتی عێراق و هەرێم دۆخی ئەمنی کوێستانەکان ئاسایی بکاتەوە، ناکرێت تۆپباران بکرێت و ڕێ لە کاسبی خەڵک بگیرێت.
جیا لە کاری ئاژەڵداری، خەڵکێکی زۆریش لە کوێستانەکان خەریکی هەنگەوانی و جوتیاری بوو، عەباس سولێمان یەکێکە لەو هەنگەوانانەی دەڤەرەکە، گووتی:” بەداخەوە بەبڕیارێک کوێستانەکانمان جێهێشت نازانین هۆکاری ئەو بڕیارە چیی بوو، ساڵانی پێشتر تا وەرزی باران و سەرما هەنگەکانمان نەدەهێناوە، بەم کاتەی ساڵ بۆ ئێمە زەحمەت و ئەرکی قورس دروست دەکات.
کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست و سیدەکان پێکدێن لە ” مێرگەمیر، مێرگە دوکان، خنێرە، لۆڵان، هۆڕنێ، بێرکم، بەردەسۆر، کێلەشین، سنین، کانی خومارۆ، بەربزین، سەقەر، ئەمانە و چەندین کوێستانی دیکە .
لای خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت، ڕایگەیاند:” بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان و ئەوانەی بۆ کاری کاسبی و ڕەوەندی ڕوویان لە کوێستانەکان کردووە، بە پێویستمان زانی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە بگەڕێنەوە و شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن.
قائیمقامی سیدەکان، دەڵێت:” لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی تۆپبارانی ئێران بەداخەوە هاووڵاتییەک شەهید و سێی دیکەش برینداربوون، ئەوەی گیراوەتەبەر ڕاچاوکردنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان بوو .
بەپێی زانیارییەکانی زاری کرمانجی، بڕیارەی گەڕانەوەی ڕەوەند و کۆچەری و جێهێشتنی کوێستانەکان، بەهۆی ئاڵۆزی و هۆشدارییەکانی ئێرانە لە تۆپباران و بۆردومانەکان دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە کاتێکدا پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات ناوچەکەیان جێهێشتووە و بنکە و بارەگاکانیان چۆڵ کردووە.