مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
ڕێگەی سەرەكی مێرگەسۆر – پیران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كاركردن تێیدا بەردەوامە و ئامادەكاری بۆ قیرتاوكردنی ڕێگاكە دەكرێت.
دڵبرین نەجم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، بۆ زاری كرمانجی، گوتی: پڕۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی پیران لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بە درێژای 9 كیلۆمەترە و بەگوژمەی یەك ملیار و 900 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەكرێت و لە ئێستادا كاری دیواری پاڵپشت و پڕكردنەوە و تێكەڵەڕێژكردن و چینی قیرتاوكردنی بۆ دەكرێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، گوتیشی: رێگەی پیران، رێگەیەكی سەرەكییە سەنتەری ناحیەی پیران و قەزای مێرگەسۆر پێكەوە دەبەستێتەوە و لە ئێستادا 50% كارەكانی تەواوكراون و پێویستە لە كۆتایی مانگی 10 پڕۆژە بە تەواوەتی كۆتایی پێ بێت، كە ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی جێبەجێ دەكرێت.