مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دیانا ئارمسترۆنگی ئەمریكی لە ویلایەتی مینیسوتا لە پەرتووكی ژمارە پێوانییەكانی(گینس) لە 13 ی ئازاری 2022 ناوی تۆماركراوە وەك خاوەنی درێژترین نینۆك لە جیهان، كە درێژییەكەی گەیشتووەتە 1،306.58 سم .
دیانا ماوەی 26 ساڵە واتا لە ساڵی 1997 ەوە تا ئێستا هیچ كام لە نینۆكەكانی نەبڕیوە، درێژترین نینۆك لە پەنجەی گەورەی دەستی ڕاستی دایە كە 138.94 سم، و هەروەها كورتترینیان لەدەستی چەپی یە كە 109.2 سم.
بەڵێنێك لە دوای مردنی كچەكەی
ڕووداوێكی ترسناك كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی یەكێك لە كچەكانی، ژیانی دیانای گۆڕی و وای كرد بەڵێنی ئەوە بدات تا تەمەنی ماوە نینۆكى پەنجەكانى دهستى نەكات، بەهۆی خۆشەویستی كچەكەی بۆ درێژكردنی نینۆكەكانی.
تیشای تەمەن 16 ساڵ بەهۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسییەوە گیان لەدەستدەدات، دینا دەڵێ “خراپترین ڕۆژ بوو لە ژیانمدا”،
تیشا زۆر حەزی لە درێژكردنی نینۆكەكانی بوو، بۆیە دوای مەرگی ئەو دایكی بەڵێن دەدات كە هەرگیز نینۆكەكانی نەبڕێت.
لە ترسی بەڵێنەكەی، بەرگەی كێشەكانی گرت
دیانا باس لەوە دەكات لە دە ساڵی یەكەم ناخۆشترین كاتەكانی ژیانی بوو، چونكە نینۆكەكانی هەمیشە كێشەیان بۆ دروست دەكرد و دەبووە ئاستەنگ لەبەردەم كارەكانی و تا ڕادەیەك وای لێ كردبوو تووشی خەمۆكی و بێزاری ببێت، بەڵام لە ترسی شكاندنی بەڵێنەكەی، بەرگەی هەموو كێشەكانی گرت تا لە كۆتایدا نینۆكە درێژەكانی ناوبانگێكی تایبەتی پێ بەخشی و ناوی لە نێو گرنگترین پەرتووكی ژیان كە بووەتە خەونی ملیۆنان كەس لە جیهاندا تۆمار بكرێت.
دیانا دەڵێ : “هەر جارێك سەیری نینۆكەكانم دەكەم، كچەكەمم بیر دەكەوێتەوە و هەست دەكەم وەك فریشتەیەك چاودێریم دەكات”.

