پشتیوان كەریم- سۆران:
ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانە دەستی پێ كردووە. بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سۆرانیش، دەڵێ: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا شەش بەشە ئارد دابەشكراون.
بەپێی ئەو بڕەی دیاری كراوە، مانگانە هەر هاووڵاتییەك بڕی نۆ كیلۆ ئارد وەردەگرێت، بەڵام هەموو ساڵێك بەشێك تا سێ بەشە ئارد دەفەوتێت و نادرێت بە هاووڵاتییان.
مكایل مەجید، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بەم نزیكانە ئاردی هاووڵاتییان دەگات و بەسەر بریكارەكان دابەش دەكرێت، كە ئەمساڵ تا ئێستا شەش جار ئارد دابەشكراوە.
دەشڵێ: ئەو ئاردەشی دێت هی كارگەكانی (دارڤین و توانایە) كە ئاردێكی شیاوە و دەبێت بەنان و لەژێر چاودێری لیژنەی تایبەتمەندەوە دەبرژێندرێت و دەكرێت بە نان.
مكایل مەجید، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سۆران، ئاشكراشی كرد: لە سنووری ئیدارەی سۆران مانگانە پێویستمان بە سێ هەزار و 280 تۆن كیسە ئارد هەیە و بەسەر 290 بریكار دابەش دەكرێت، ئەوانیش بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكەن.