زاری كرمانجی سۆران:
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی هەرێم كە ئەوان بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 دەست بەدابەشكردنی پارەكەی بەغدا دەكەن و بەرگریكاری سەرسەختی مافی مووچە خۆرانی هەرێم دەبن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەمەی بۆمان دێت بەداخەوە تەمویلی مانگی 7و 8 و 9 و 10 و 11 و 12، نیە ئەوەی ئێمە وەك حكوومەتی هەرێم داوامانكردووە، ئەمە قەرزە، حكوومەتی هەرێمیش ئازادە بۆ چ مانگێكی خەرجدەكات.
لەپاش بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بۆ ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەریەكە لە مانگەكانی 9 و 10 و 11، هەندێك لە میدیاكان ئەوەیان بڵاوكردەوە كە حكوومەتی هەرێم باز بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشت دا دەدات، لەبەرامبەر ئەو گومانانەدا وەزیری دارایی هەرێم وتی: مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 7 و 8 یان وەرنەگرتووەو ئێمە بە مووچەی مانگی 7 دەستپێدەكەین و دوای ئەویش مووچەكانی مانگی 8 و 9 بەمووچەخۆران دەدەین.
ئاوات شێخ جەناب، روونیشیكردەوە: بۆ مووچەكانی مانگەكانی داهاتووش ئەم ماوەیە هەوڵدەدەین كێشەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق چارەسەربكەین.
زیاتر دەڵێ: ئەگەر بەغدا نیەتیان پاكبێت بەرامبەر هەرێم، بەدڵنیاییەوە مووچەكانی تریش دەستەبەردەكەین و مووچەخۆرانی خۆمان دڵنیادەكەینەوە شەو رۆژ دەخەینە سەر بۆ دەستەبەركردنی مووچەكانیان و شایستە داراییەكانی هەرێم”
وەزیری دارایی وتی”ئەوەی پێویستە بۆ خەڵكی كوردستانی بخەینە روو ئەوەیە كە ئەو لایەنەی پابەندبوونی دەستوری و یاسایی كەوتۆتە سەری لایەنی هەرێم نیە، بەڵكو حكوومەتی فیدراڵیە، چونكە هەرێم هەموو پابەندبونەكانی خۆی جێبەجێكردووە، هەرێم خۆی نەوتەكەی نافرۆشێت، بڕیاریشیان داوە و بەتەمان هەموو داهاتی ناوخۆی هەرێم بگوازنەوە بۆ بەغدا، هەرێم دەرگای كردۆتەوە بۆ چاودێری دارایی عێراق، ئیتر هیچ بیانوو و پاساوێكیان نیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕن.