د. ئازا – زاری كرمانجی:
وەرزش وەك هەر بوارێكی تر لە ژیان گرینگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەموو تاكەكانی گۆمەڵگە بە تایبەت توێژی لاوان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی هەر یارییەكی وەرزشی پێویستی تایبەتی خۆی هەیە كە گرینگترینیان یاریگەیە.
لە دەڤەری بارزان زۆر یاریگەی وەرزشی هەن كە ماوەی چەند ساڵێكە بۆ خزمەتی لاوانی ناوچەكە دروست كراون بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بەشێكیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە چونكە لەبەر خراپی و تێكچوونی چیمەنی یاریگەكان یاریزانەكان ناتوانن یاری لەسەر ئەنجام بدەن.
بەڵام لەم ماوەیە ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی بەشێك لە یاریگەكانی دەڤەری بارزان نۆژەن كرانەوە و لە داهاتوو ئەوانی تریش نۆژەن دەكرێنەوە كە تێكڕای ژمارەی یاریگەكان ٣٢ یاریگەیە.
بۆ ئەم مەبەستە فەرسەت ساڵح، بەرپرسی ناوەندی باڵای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: زۆربەی یاریگەكانی دەڤەرەكەمان كەڵكی یاری كردنیان نەمابوو بەهۆی سەختی كەش و هەواو زۆر بەكارهێنانیان، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستمان زانی كە داواكاری پێشكەش بە مەلا مستەفا بارزانی بكەین، ئەویش لەلایەن خۆیەوە بڕیاری دا كە هەر یاریگەیەك كەم وكورتی هەبێت و تێكچوو بێت نۆژەن بكرێتەوە.
ئەم بەرپرسە گوتیشی لە ئێستادا لە قۆناغی یەكەم ١٠ یاریگەمان بە تەواوەتی نۆژەن كردوونەتەوە و لە داهاتووێكی نزیك یاریگەكانی: مەزنێ، بەرمیزە، پیران، بێرسیاو، گۆڕەتوو، سێلكێ، دەرەبۆتك، ڕێزان، بلێ، بازێ، بارزان، و باڵندە لە بەرنامەی كارەكانی ئێمەن بۆ چاككردنیان.
بەرپرسی ناوەندی باڵای مێرگەسۆر لە كۆتاییدا گوتیشی: دەمەوێت بە ناوی وەرزشوانانی دەڤەرەكەمان سوپاسی مەلا مستەفا بارزانی بكەین كە بەردەوام لە خەمی لاوان و وەرزشوانانە، و نۆژەنكردنەوەی یاریگەكان بووە بە هۆكاری دڵخۆشی لاوانی ئەم سنوورە.