زاری کرمانجی-سۆران :
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە ڕێککەوتن، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ستایشی هەر دوو حکومەت دەکات .
ئیلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی : “ستایشی هەوڵەکانی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری بۆ یاسای بودجە و جێبەجێکردنی، وەک بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ڕەوانەکردنی بڕێک پارە بۆ چەند مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم .”
ڕۆمانۆوسکی لە تویتێکدا باس لەوەش دەکات کە چاویان لەوەیە هەردوولا لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوامتر و بەو شێوەی لە بەرژەوەندی تەواوی گەلی عێراقدا بێت.
دوای ئەوەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدایان کرد و لە نزیکەوە چاویان کەوت بە هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە ژێر ڕۆشنایی دیدار و گفتوگۆیەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ڕەوانەکردنی بڕێک پارەی وەک قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا، تا چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە .