زاری کرمانجی – سۆران :
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی خولەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی سنووردار کرد و ئەنجامدانی هەر خولێکی لەم جۆرەش بە بێ ڕەزامەندی ئەوقاف، ئەنجامدەران ڕووبەری یاسا دەکرێنەوە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە واژۆی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە :” بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و ئاگاداربوون لە کاری ئەو ڕێکخراوانەی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی لە بوارە جۆربەجۆرەکانی ئایینی، وەک بەخشین بە ناوی ئایینی و کردنەوەی خولی جۆراوجۆر بۆ فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، بۆ هەر چالاکییەکی لەو جۆرە پێویستە ڕەزامەندی ئێمەی لەسەر بێت”،
هەروەها لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە :” بەپێچەوانەوە لەبەرامبەر کردنەوەی خول بەبێ مۆڵەت، کاری یاسایی پێویست دەگرنە بەر و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە”.
لە ماوەی ڕابردوو چەندین خولی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە لایەن هەندێک لە ڕێکخراو حیزبە ئیسلامییەکانەوە لە نێو بارەگا و پارک و یاریگاکان بە ناوی جیاجیا کرایەوە.