ریڤان جانی
مێژووی دیانا پێویستی بە دووبارە نووسینەوە هەیە، چونکە بەداخەوە ئەرشیفەکەی بەهەر هۆکارێکبێت بەردەست نییە بۆ ئەمڕۆمان، بۆیە لێکۆڵینەوە، گەڕان و پرسین سەرچاوەی سەرەکین بۆ دووبارە تۆمارکردنی مێژووی دیانا. ئامانجمان لەم جۆرە وتارانە، ئارەزووی تیشکخستنین بەسەر مێژووی دیانا؛ بەو لێکۆڵینەوەو گەڕان و پرسینانەی کە دەیانکەین و هەوڵدەدەین بەراوردیان بکەین لەگەڵ یەکترو لەکاتی بوونی دروستی مێژووی لە گێڕانەوەکان، دەخەینە خزمەت دیانا_ییەکان و ئەوانەشی بەدوای مێژووی دیانا دەگەڕێن.. بەڵام بەر لەوەی بچینە نێو جەوهەری بابەتەکەمان، بەلای بەندەوە گرنگ بوو کە سەرەتا پوختەی جوگرافی دیانا بخەمەڕوو بۆ خوێنەر تا زیاتر بەرچاوڕوونیێکی بۆ درووستبێت لەسەر شوێن و هەڵکەوتەی دیانا.
دیانا لەڕووی جوگرافیاوە
ئەو ناوچەو شوێنە پێدەگوترێت (دیانا) کە تاوەکو ئەمڕۆمان بەشێکە لە چوارچێوەی و سنووری (ئیدارەی سەربەخۆی سۆران) و دەکەوێتە بە دووریی نزیکەی (120کم) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەختی هەرێمی کوردستان (هەولێر) و لەسەر هێڵی پانی (43-36 و 38-36) و هێڵی درێژی (39-44 و 27-44) ڕووەو ڕۆژهەڵات. سنوورەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە، ناحیەی سیدەکانە و لە ڕۆژئاواو باشووری ڕۆژئاواش، ناحیەی خەلیفانە.. لە بەشی باکووریشی، قەزای مێرگەسوورەو باشوورەکەشی قەزای ڕەواندزە.. بەشی باشووریی ڕۆژهەڵاتەکەشی، قەزای چۆمانە.
سنووری دیانا-سۆران
بەگشتی سەرزەمینی دیانا پێکدەهێت لە: چیایی بەرز، وەک: زۆزک، حەسەن بەگ، کۆڕەک… هەروەها دەشت کە بە زمانی ئاشووری بە (دشتت دیانا) ناوی دەرکردووەو لاو بەشێکی بە (مڵخانێ-ئێستا بووەتە ئازادی)، واتا شوێنی پێدانی خوێ بە ئاژەڵان دەهێت لە زمانی ئاشووری.. لەگەڵ دۆڵی تیادایە، لەگرنگترین دۆڵەکانیشی کە بە زمانی ئاشووری پێدەگوترێت (چەندە) دۆڵی دیانا (چەندت دیانا)یە.. ئەو دۆڵەی کە ئەمڕۆمان دەکەوێتە خوار بازاری دیانا و لە تەنیشت و بەرامبەر مزگەوتی دیانا.
دیانا لەڕووی ناوەوە
زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ کاتێک لەهەر ناوچەیێک نیشتەجێبێت جا گوند بێت یا شار… ئاگاداری واتای ناوەکەیبێت، ئەگەریش سەدا سەد دروستنەبێت، بەڵام هەوڵبدات لە ماناکەی بگات.. بۆیە زۆرجار ئەم ئەرک و کارە سەختە دەکەوێتە سەر ملی توێژەرو مێژوونووسان، وەلێ لەبەر ئەوەی ئەرشیفی دیانا زۆر لاوازە، بگرە هەر بەردەست نییە، مێژووی دێرینیشی تاڕادەیێک تەموومژاویی و نادیارە.. بۆیە بەندە لێرەدا هەوڵدەدات پوختەی واتای ناوی (دیانا) بخاتەڕوو کە دەکرێت لە چییەوە هاتبێت و تیشک دەخاتە سەر (3) لایەن و زمانی گرنگ کە وشەکە لەوێوە سەریهەڵدابێت.
1: (دیانا) وشەیێکی ئەکەدی ئاشووری کۆنە، چۆن؟ کاتێک لەناو فەرهەنگی زمانی ئەکەدی ئاشووری کۆن دەگەڕێین، ئەوە دەبینین کە وشەی (دیانا) بەواتای (دادوەرحاکم) دەهێت.. ئەمەش لەوکاتەیە کە دەگووترێت (بێت دینا)، واتا (دادگامحکمە)یێکی ئاشووری لە ناوچەی دیانا هەبووە لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریی و تیایدا (دیانادادوەرحاکم) دادوەری کردووە، بۆیە (دیانا) هەر لەم ناوەوە هاتووە.
2: (دیانا) وشەیێکی کوردییە؟ زۆرجار لە هاوڕێی و برادەرانمان دەبیستین کە دەگووترێت (دیانا) کوردییەو لە (دیانان) هاتووە، واتا شوێنی نیشتەجێبوونی (کرستیانەکان_مەسیحییەکان).
3: (دیانا) وشەیێکی عەرەبییە؟ ئەوەشمان بەر گوێ کەوتووە کە دەگووترێت (دیانا) وشەیێکی عەرەبییەو لە (دیانەت)ەوە هاتووە.. بەڵام نازانین کام دیانەت؟ تەنها دەگووترێت دیانەت.. بۆیە بە بۆچوونی بەندە (دیانا) نزیکترە لەوەی ببێتە وشەیێکی ئاشووری لەوانەی تر.. چونکە چ لەڕووی مێژوو یان جوگرافیا یاخود فەرهەنگەوە دیانا دەگەڕێتەوە بۆ ئاشوورییەکان.
دیانا لەڕووی مێژووەوە
ئەگەر ڕاستەوخۆ بچینە نێو جەرگەی بابەت، ئەوە بەبۆچوونی ئێمەمانان، سێ مێژوو بۆ دیانا هەیە: مێژووی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری- مێژووی بەر لە نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان- مێژووی نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان.. بۆیە هەوڵدەدەین هەر ماوەو قۆناغێک لەو ماوانە بە جیا باسیان لێوەبکەین، بەڵکو بتوانین ڕوونترین و دروستترین مێژوو بۆ دیانا بخەینە بەر دەستی خوێنەران.
یەک: مێژووی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری: بەدروستی دەیڵێین کە بەڵگەی بەرجەستەمان لەبەردەست نییە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بەشە مێژووەی دیانا (واتا دەقی زیندووی تۆمارکراو)، بەڵام زۆرجار و لە هەندێ شوێن گووتراوەو نووسراوە کە دەکرێت دیانا لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری وەک (مەنفا-شوێنی دوورخستنەوەی تاوانبارا) (منفی) بەکارهێندرابێت لەلایەن ئاشوورییەکانەوە، بەڵگەی ئەمەش، بوونی ناوەکەیەتی کە بە دادوەر دەهێت و دەگێڕنەوە کە لەو سەردەمەدا ئەم دادوەرە بۆ دادگاییکردنی ئەو تاوانبارانە لەوێبووە کە لەلایەن ئاشوورییەکانەوە دووردەخرانەوە وەک سزا.. ئەوەشی هانیداین ئەمە بکەینە بەڵگە، دۆزینەوەی چەندین کەلوپەلی سەردەمی ئاشوورییەکان بووە لەسەر ئەو گڕدۆڵەی کە دەکەوێتە نێوان (دیانا و هاودیان) لە ساڵانی (1945ز) لەلایەن هەندی لە توێژەران سەبارەت بە مێژووی ئاشوورییەکان.
دوو: مێژووی بەر لە نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان: لەمبارەوە نووسەرو ئەکادیمی ایڤان جانی لە یەکێک لە وتارەکانی بە ئاماژەکردن بە کتێبی (مالک کیورکیس مالک: تشعیتا دبیت نهرین، ل370-371)دەنووسێت و دەڵێت: دیانا یەکێک بووە لە ناوچە ئاشوورییەکانمان کە هەر لە سەدەی 14 زایینییەوە تاوەکو دەگاتە سەدەی 18 زایینییەوە کەوتووەتە بەر شاڵاوی داگیرکاریی و هەڵمەتی سەربازی تورک و فارسەکان، هەروەها دەڵێتەوە کە پادشایێکی ئاشووری لەوێوە هەبووە بە ناوی (ئاشووربان) کە لەدوای مردنی باوکی (پادشا بهرانا) ساڵی (1820ز) هاتووەتە سەر حوکم.. زیاتر دەڵێتەوە، ئەم پادشایە؛ (ئاشووربان) خوێندنی خۆی لە قوتابخانەی (دیر مار سۆفیا)ی کەوتووی نێو چیایی دیانا، وەرگرتووە.. جانی بەردەوامدەبێت و ئاماژە بە سەرچاوەیێکی تر دەکات و دەڵێت: کتێبێکی تری ڕەسەنم بەردەستکەوتووە لەژێر ناونیشانی (الانبا)ئی نووسەر (شموئیل جمیل: کەسایەتی ئایینیی بووە) کە لە کۆتاکانی سەدەی 19می زایینییەوە نووسیوەو تیایدا دەخوێنین کاتێک کە دەڵێت: لە ڕەواندوزەوە چووین بۆ دیانا، ڕێگاکەی نزیکە (1) کاتژمێربوو… لە دیانا نزیکەی (30) خانوو هەیە، (11) لە خانووەکان مەسیحیین و قەشەیێکیشیان هەیە بەناوی (عیسی).. ئەوانی تر لە نەتەوەی کوردن… هەروەها کەنیسەیێکی بچووکیشیان هەیە بەناوی کەنیسەی (مارکیورکیس).
سێ: مێژووی نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان: ئەم مێژووەی دیانا بەشێوەی ڕێکخراو.. چ لە نێو سەرچاوەکان بێت یاخود وەک ئەوەی دانیشتووانی دیانا لە بابوباپیرانمان دەیگێڕنەوەو دەڵێن: لە ساڵانی (1920ز)ەوە.. کاتێک بەریتانییەکان بەشێک لە ئێمەمانانی ئاشوورییەکان بۆ ناوچەی دیانای هێناین، چەندین خێزانی ڕەسەنی ئاشووری مەسیحی لە دیانا هەبوونە کە خەڵکانی خۆجێو ڕەسەنی دیانا بوونە و مێژوویێکی درێژین هەبووە لە دیانا.. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئاشوورییە مەسیحییەکان بەر لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە دیانا نیشتەجێبوونە وەک ئەوەی ئەو ماوەو قۆناغەی نیشتەجێبوونی ئاشوورییەکان لە دیانا بە قۆناغی بەر لە نیشتەجێیبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان لەنێو دیانا-مان لەقەڵمداوە.. بۆیەشە دەبینین کە هەرلەوکاتەوە نێشتەجێی ئاشوورییەکان بەشێوەی ڕێکخراو لەسەر دیانا بەردەوامبووەو بە (3) قۆناغ و ماوەی یەک لەدوای یەکی جیاواز ئەنجامدراوە بەم شێوەیە.. قۆناغی یەکەم: (1920-1925). قۆناغی دووەم: (1925-1932). قۆناغی سێیەم: (1932-1933).
دەرئەنجام
دیانا پێویستی بە دووبارە نووسینەوەی مێژووەکەی هەیە. ناوی دیانا ئاشوورییەو لە وشەی ئاشووری (دیانا-دادوەر-حاکم)
هاتووە، چونکە چ لەڕووی مێژوو، جوگرافیا و فەرهەنگ بۆ
ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە.
مێژووی نیشتەجێبوون بەسەر دیانا بۆ (3) قۆناغی جیاواز دابەشدەبێت بەم شێوەیە: یەک.. قۆناغی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری. دوو.. قۆناغی بەر لە نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان سەدەی 14ز بۆ سەدەی 18ز. سێ: قۆناغی نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی ئاشوورییەکان کە ئەمەش لەلای خۆیەوە بە (3) ماوە بووە، ماوەی یەکەم: (1920- 1925). ماوەی دووەم: (1925-1932). ماوەی سێیەم: (1932-1933). لە سەرەتادا دیانا تاڕادەیێکی زۆر مەسیحی بووە، بەڵام بەرە بەرە
پێکەوەژیانی بەخۆوە بینیوە لەنێوان مەسیحی و موسڵمانان و
یەهودی.
_زۆر هەوڵی لەنێوبردن و سڕینەوەی ناوی دراوە، بەڵام دواجار
توانوویەتی پارێزگاری لە ناوەکەی بکات.. بۆیە دەبێت حکومەتی
هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکەی بپارێزێت.