زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی شێرپەنجە، دەڵێت” هەر ئافرەتێك هەستی كرد یەكێك لە نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمكی هەیە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات.
د. سەركەوت مەجید، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكی ڕاوێژكار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، بە زاری كرمانجی گووت” لەم بابەتە تەندروستییەدا باسی هەڵسەنگاندن و پشكنینی شێرپەنجەی مەمك دەكەین، ئەگەر هەر ئافرەتێك هەستی كرد یەكێك لە نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمكی هەیە، دەبێ لە ماوەی چەند ڕۆژێك سەردانی پسپۆرێكی شێرپەنجە بكات، ئەویش یەكەم جار چەند پرسیارێكی لێ دەكات و پاشان پشكنینی بۆ دەكات، ئەگەر پزیشكەكەش هەستی كرد ئەگەری بوونی شێرپەنجە هەیە، داوا دەكات پشكنینی بۆ بكرێ كە سۆنەر یان تیشكی مەمكە جاری واش هەیە هەردووكیان بۆ ئەنجام دەدرێن، ئەگەر لە پشكنینەكانیش دەركەوت كە ئافرەتەكە شێرپەنجەی هەیە، ئەوا پزیشكەكە بە دەرزیەك بەشێكی ئەو شانانە دەردێنێت كە ناتەندروست دیارن ئینجا پارچە دەرهاتووەكان دەنێردرێن بۆ پزیشكی شانەزانی، ئەویش لە ژێر مایكرۆسكۆپ تەماشای خانەكان دەكات و بڕیار دەدات ئایا خانەكان شێرپەنجەیین یاخود ئاسایین.
ئەم پزیشكە گووتیشی” دوای ئەوەی زاندرا ئافرەتەكە شێرپەنجەی مەمكی هەیە، دەبێ دوو جۆر هەڵسەنگاندن بۆ بكرێن لەوانەش دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی شێرپەنجەكە و دیاریكردنی ڕادەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە لەش، ئەو دوو هەڵسەنگاندنە سوودیان لێ دەبینرێت بۆ زانینی ئەوەی نەخۆشییەكە چۆن لەوانەیە هەڵس و كەوت بكات و هەروەها گرنگی زۆری هەیە بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو.