زاری كرمانجی- سۆران:
چاوكزی یەكێكە لەو نەخۆشییانەی تەواوی مرۆڤەكان پێیەوە دەناڵێنن و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەبەر هەستیار بوونی پێكهاتەی چاویش، هەر جۆرە دەرمانێك دەبێ بە وریاییەوە بێت، لەبەر ئەوەی پێچەوانەكەی مەترسی زۆر بەسەر چاو هەیە.
شارەزایان و پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی چاو پێیان وایە بۆ هەر جۆرە نەخۆشی یا كزبوونی چاو باشترە بیر لە خواردنی دەرمانی سرووشتی بكرێتەوە، یا هەر چۆنێك بێت نەخۆش دوور كەوێتەوە لە بەكار هێنانی قەترە و مەلحەمی چاو، ئەویش بە ڕێنمایی پزیشك.
د. چیمەن عیسا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو لەم بارەوە بە زاری كرمانجی گووت ” دوور كەوتنەوە لە بەكار هێنانی قەترە یاخود مەلحەم بۆ چاو ئەگەر لە حاڵەتێكی زۆر ناچاری نەبێت باشترە، بۆ نموونە واباشە بۆ نەخۆشییەكانی زیاتر سوود لەو دەرمانانە وەربگیرێت كە دەخورێتەوە یا دەخورێت”.
ئەو پزیشكە نموونەی بە نەخۆشی چاوكزی هێنایەوە گووتی” بۆ ئەم نەخۆشییە كە زۆر باوە باشتر وایە سوودی لە چارەسەری سرووشتی وەربگیرێت، بۆ نموونە هاڕینی ناوكی ترێ و خواردنی ڕۆژانە دوو یا سێجار، بەشێوەی چا یا خواردنی زەیتەكەی، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی بینینی چاو”.