پشتیوان كەریم – سۆران:
بە گوتەی خاوەن پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سۆران خواست لەسەر كڕینی ئۆتۆمبێل لە ئێستادا زیادی كردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە دەرگای قوتابخانەكان كراونەتەوە، هەروەها بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین.
مستەفا ئامۆكەیی، خاوەنی پێشانگای كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرایكرد:” بەڕێژەیەكی زۆر خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی بچووك زیاد بووە، ئەوەش وای كردووە نرخەكەی بەرز بێتەوە، هەروەها بەهۆی هاتنی وەرزی زستان ئۆتۆمبێلی دەبل ئەكسلیش خواستی لەسەر زیاتر بووە و خەڵك دەیەوێت بكڕێت، بەهۆی ئەوەی سنووری جوگرافیای ئیدارەی سۆران ناوچەیەكی شاخاوییە و بە زستانان بەفر و بارانێكی زۆر دەبارێت.
ئامۆكەیی، گوتیشی:” بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەشێوازی ماوەیی (قیست) دەبێت كڕیار تاپۆی خانوو یاخود كەفیلی هەبێت كە فەرمانبەری حكوومی بێت، هاوكات لە بارەی گرێبەستی ئەلیكترۆنیش شێوازی ئەنجامدانی بریتییە لە ئامادەبوونی خاوەنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل هەروەها بەپێدانی بڕی 25 هەزار دینار، ئەم گرێبەستە ئەنجام دەدرێت”.