د. ئازا – زاری كرمانجی:
یانەی وەرزشی سۆران لە ساڵی 1993 دامەزراوە، یانەیەكی ناودار و خۆشەویستە لە لایەن خەڵك و وەرزشوانان و هەموو تیپەكانی جەماوەر و هاندەری تایبەت بە خۆیان هەیە، زیاتر لە هەموویان تیپی تۆپی پێی یانەكەیە كە بۆ ئەم وەرزە لە خولی نایاب یاری دەكات كە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەرپەرشتی دەكات.
یانەكە لە ئێستادا خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەو ئامادەكردنە بە گرێبەست كردن لە گەڵ ڕاهێنەرێكی نوێ و هێنانی چەند یاریزانێك بۆ پتەوكردنی ڕیزەكانی تیپەكەی، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا بەهۆی ئاست بەرزی یاریزانەكانی تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی سۆران، زۆربەی یانەكان لە خولەكانی كوردستان و عێراق چاویان بڕیوەتە یاریزانەكانی ئەم یانەیە و توانیویانە چەند یاریزانێكی تیپی تۆپی پێی یانەكە بۆ تیپەكانیان بگوازنەوە و لە دیارترینیان ” ئەحمەد سەلام و ڕێزدار وەلی” چەند یاریزانێكی تر.
م. صدقی محموود بەگ، سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بە داخەوە بۆ ئەم وەرزە یانەكەمان بێ بەش دەبێت لە تواناكانی چەند یاریزانێك بەهۆی ئەوەی كە لە لایەن یانەكانی خولی عێراق و كوردستان گرێبەستیان لەگەڵ كراوە، بێگومان ئەو یاریزانانە ئاست بەرز و لێهاتووبوون و كاریگەری ئەرێنیان هەبوو لەسەر ئەنجامەكانی تیپەكەمان، هیوای سەركەوتنی لە كاروانی داهاتووی وەرزشی بۆ خواستن، باسی لەوەشكرد كە بۆ پڕكردنەوەی جێگای ئەو یاریزانانە گەیشتووین بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند یاریزانێك و لە ڕۆژانی داهاتوو ڕاهێنەری نوێ و یاریزانەكان بە هاندەر و جەماوەری یانەكەمان دەناسێنین.
سەرۆكی یانەكە، گوتی: بە دیوێكی تر ئێمە شانازی دەكەین كە دەبینین یانەكەمان وەك قوتابخانەیەكی لێهاتووە بۆ دروستكردن و پێگەیاندنی یاریزانەكان، بانگهێشتكردنیان لە لایەن چەندین یانەی بەشدار لە خولە وەرزشییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئێمە بە ڕێگای ڕاستدا دەڕۆین و بەردەوام ئاستی یاریزانان و تیپەكانی یانەكەمان بەرەو هەڵكشانە.
م. صدقی، جەختی لەوەشكردەوە كە لە پلانی یانەكەیانە بە پشت بەستن بە ئەكادیمیا و تیپەكانی لاوان و تیپە میللیەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ چەند ساڵی داهاتوو پشت بە یاریزانانی ئەم سنوورە ببەستن و زیاتر گرینگیان پێ بدەن، هیوای ئەوە دەخوازین كە ڕۆژێك بێت هەموو یاریزانەكانی تیپەكانمان یاریزانی ئەم سنوورە بن كە بتوانن بە لێهاتوویی سەركردایەتی وەرزشی تیپەكانی یانەی وەرزشی سۆران بكەن.