زاری كرمانجی- سۆران:
دوو پەرلەمانتاری عێراق لە دادگەی ئیتحادی دەیانەوێت سكاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن. ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستەڵاتی پێدانی قەرزی بە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە سكاڵای ئەوان هیچ شوێنێك ناگرێت و تەنیا بۆ خۆدەرخستنە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆببێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت بابەتێكی كۆبوونەوەكە پرسی ناردنی بودجە بێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوای سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران بۆ بەغدا دێت.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارای لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ زاری كرمانجی گوتی: هێشتا هیچ شتێك دیار نییە، تا ئەوان سكاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن، لەگەڵ ئەوەش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێ دەدات قەرزە، ئەوەش بانك دەدات نەك حكوومەت، كەواتە سكاڵای ئەوان هیچ شوێنێك ناگرێت و تەنیا بۆ خۆدەرخستنە وهیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.