زاری کرمانجی-سۆران :
بەشێک لە گەنجانی ئیدارەی سۆران، نەناردنی مووچەی مووچەخۆران و برسیکردنی خەڵک، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە سیاسەتێکی هەڵە و کارێکی دوور لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی ناو دەبن و پێیان وایە ئەو جۆرە ڕەفتارە سیاسییانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارانی بەغدا لە هەمبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پەیڕەوی دەکەن، بە بێ ئەنجام و بە شکست بۆ خۆیان کۆتایی دێت و دەڵێن لە ڕابردووش کاری لەم شێوەیە زۆر دەرهەق بە کورد کراوە، بەڵام ئەوان لە نێو چوون و کوردیش مایەوە.
گەنجێک باس لەوە دەکات هەموو ئەو کارانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیکەن، ئاماژەن بۆ لاوازکردن و لە نێو بردنی حکومەتی هەرێم. یەکێکی تریش دەڵێ لە ڕابردووش هەنگاوی لەو جۆرەمان زۆر بینیوە، بەڵام چارەنووسی ئەوان لە نێو چوون و کۆتایی بوو، کوردیش بەهێزتر لە جاران لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە.
کارزان حەمید باس لەوە دەکات گەر حکومەتێک کەسێکی گەورە ڕێبەرایەتی بکات، ئاوا بە ئاسانی لە نێو ناچێت و دەڵێ : “حکومەتێک کەسێکی گەورە ڕێبەرایەتی بکات، بە ئاسانی بە کەسانی شکستخواردووی حوکمڕانی بچووک نابێتەوە و لەنێو ناچێت، پێویستە ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە پەند لە ڕابردوو وەربگرن و خۆیان بە دوور بگرن لەو جۆرە سیاسەتە.”
کامەران عەزیز یش هێما بۆ ئەوە دەکات کە پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرە زۆر نراوە لەبەرامبەر کورد و دەڵێ : “پێشتر هەنگاوی لەو جۆرمان زۆر بینیوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەک بە دوای عێراقەوە، بەڵام چارەنووسی ئەوان لە نێو چوون و کۆتایی بوو، کوردیش بەهێزتر لە جاران لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە، بۆیە دڵنیام ئەوەش تێپەڕ دەبێت بە سەرکەوتنی کورد و شکستی پەیڕەوانی ئەو جۆرە سیاسەتە.”
سامان قادر ڕەخنە لەو پارت و لایەنە سیاسییە کوردیانە دەگرێت کە چوونە بەرەی دژ بە دەسەڵاتی کوردی و دەڵێ : “چ شەرمێکە کورد بیت و دژایەتی دەسەڵات و خاک و نیشتمانی خۆت بکەیت.”
سامان ڕووی دەمی دەکاتە ئەو سیاسییە کوردانەی بەر لە عەرەبەکان قسەیان لەسەر لاوازبوون و لە نێو چوونی حکومەتی هەرێم دەکرد و پێیان دەڵێ : “ئەی ئەو کوردە سیاسییانەی خاڵی لە کوردبوون و نەتەوەیی بوون، کە بەر لە ناحەزان و دوژمنان خۆزگەی کەوتن و لە نێو چوونی حکومەتە کوردییەکەی خۆتان دەخواست و لەو ڕووەوە کارتان دەکرد و واتان لە خەڵک دەگەیاند کە حکومەتی هەرێم هیچی لەسەر هیچ نەماوە و دەتانگوت «ئەی ئەوە نییە وەفد دەچێتە بەغدا. لە ئاستێکی نزمدا پێشوازییان لێ دەکرێت»، من نازانم چی بە دەنگدەرە دڵسۆزەکانی خۆتان دەڵێن، چۆن ڕووتان دێت جارێکی تر باسی کوردبوون و کوردستانی بوونی خۆتان بکەن.”
سامان سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەڵامی پڕ لە چەواشەکارییەکانی ئەوان ناو دەبات و پێیان دەڵێ فەرموو لەرزینی پایتەخت ببینن : “ئاگاتان له لەرزینی بەغدای پایتەختە، لەگەڵ چوونی سەرۆکی حکومەت مەسروور بارزانی و ئەو پێشوازییە باڵایە، دڵنیام ئەگەر ڕووتان هەبێت وەڵامی خۆتان وەرگرتووە و لەوە تێگەیشتوون، ئەو حکومەتی پێتان وا بوو خۆری بەرەو ئاوا بوونە، نەک خۆرەکەی ئاوا نەبووە، بەڵکوو لە پایتەختی عێراق زیاتر گەشایەوە. چونكه کەسێکی گەورە ڕێبەرایەتی دەکات.”