زاری كرمانجی- سۆران
بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەهرام عەریف یاسین بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران حەكیم تێلی، بەردی پڕۆژەیەكی ستراتیجی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا.
ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و بەرپرسانی دیكەی حكوومی و حزبی و پیاوماقولانی دێڵزیان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی دووسایدی دێڵزیان بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار لە سنووری ناحیەی دیانا لە قەزای ناوەندی سۆران دانرا و دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی”.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند “پڕۆژەكانمان بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەردەوامیان دەبێت و بەمزوانەش بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیجی دادەنرێت، بە كردنەوەی ڕێگا سەرەكییەكان، ڕێڕەوی شار دەكەینەوە و ئاوەدانی زیاتر ڕوو لە دەڤەرەكەمان دەكات.
گووتیشی” پڕۆژەكە لە لایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت، كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.