زاری كرمانجی- سۆران:
بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی سزای داراییی شوفێرانی دراوە و لەدوای تەواوبوونی بڕیاری لێخۆشبوونەکە، پێبژاردنی دارایی سەرپێچی شوفێران دەبێتە دوو هێندە، وەزارەتی ناوخۆ لەمبارەیەوە دەڵێت، ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کۆکردنەوەی داهات نییە، بەڵکو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتایی مانگی 2ی 2024 جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەی داهات نییە، بەڵکو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە لەڕێگەی کەمکردنەوەی سەرپێچی و سزاوە.
ڕاشیگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شوفێران لەو بارودۆخە تایبەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان، دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی 20%ـی سزاکانی ڕابردوو و ئێستای هاتووچۆ، تاوەکو 28ـی 02ـی 2024 کە دەکەوێتە سەر شوفێران. ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات؛ وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری داراییی هاووڵاتی و سزاکانی هاتووچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاووڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەی دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی. بۆیە پێمان وایە هاووڵاتی تا دەتوانێ زووتر پاکتاوی سزاکانی خۆی بکات، تاوەکو جارێکی دیکە سەرپێچی نەکاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات.
هێمن میرانی باسی لەوەش کرد کە “لەدوای 28ـی 02ـی 2024 کار بە بەشی بیست لە یاسای ژمارە 86ـی 2004ـی یاسای هاتووچۆ دەکرێت؛ واتە لە 29ـی 02ـی 2024ـەوە کە شوفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە، ئامانج لەوەدا ئەوەیە، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دوور بکەوێتەوە، چونکە خودی سزاکە بۆ ئەوەیە شوفێر هەست بکات سزای سەرپێچیی لەسەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داراییەکەی هەیە، نەک پێبژاردن زۆر دوابکەوێت و هێزی سزاکە کەم بێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرپێچییەکان کەم نەبنەوە؛ وەکوو ئەوەی هاووڵاتی زۆرجار لە نائاگایی و بەدوادانەچووندا، بە قەد نیوەی نرخی ئۆتۆمبێلەکەی سزای لەسەر تۆمار کراوە و لەسەری کەڵەکە بووە، بەوەش زیانی زۆری کردووە.”
باسی لەوەش کرد کە “بۆ ئەوەی شوفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگاداری سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە ڕووی سزاوە خستووەتە ڕوو کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دووجار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەی کە سەرپێچی کرا، هاووڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وادەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆی لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت. بۆیە لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، گفتوگۆمان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئەپلیکەیشنە بکەوێتە کار و هەر شۆفێرێک لە ڕێگەی ئەو ئەپە تایبەتەی خۆیەوە سەرپێچی و سزاکانی خۆی بزانێت و ئاگادارکردنەوەی بۆ بێت.”
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا کە “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی هاتووچۆش دەبێت، چونکە وادەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگاداری پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەی زۆری نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات.”