زاری كرمانجی- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ئازارشكاندن، دەڵێت، بۆ ئەوانەی ئازاری پشتیان هەیە دەتوانن پاكی(جەوەنە)ی سارد و گەرم بەكاربێنن هەردووكیان كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی ئازار هەیە.
د. هەڤین محەمەدشاە، پسپۆڕی بێهۆشكاری و ئازار شكاندن، دەڵێت” بەكارهێنانی ساردی و گەرمی هەردووكیان كاریگەرییان هەیە لەسەر كەمكردنەوەی ئازاری پشت، بەڵام ئەگەر ئازارت هەبوو دەبێ كامیان هەڵبژێریت و بەكاری بهێنێت، بەكارهێنانی ساردی لە 24-72 كاتژمێری یەكەمدا بەگشتی باشترە لەكاتی ئازاری پشتی كتوپڕدا بەهۆی پێكانی كتوپڕەوە یاخود جوڵەیەكی هەڵەوە، ساردی هەوكردن، ئاوسان، ئازار و لەناوچوونی خانەكان كەم دەكاتەوە بەهۆی پێكانەكەوە و شوێنی ئازارەكەش سڕ دەكات .
ئەم پزیشكە دەشڵێت”ساردی بەشێوەی جیاواز بەكار دەهێنرێت بۆ نموونە كیسێكی بەستووی سەوزە، ئایس جێڵی تایبەت كە دەخرێتە فرێزەرەوە، هەر یەكێك لەم جۆرانە بەكاربهێنرێت دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت :
- بۆ دووركەوتنەوە لەسووتاندن بە سەهۆل باشترە پارچەیەك قوماش دابنرێت لە نێوان پیست و سەرچاوەی ساردییەكە.
- ساردی نابێت لە 20 خولەك زیاتر بخرێتە سەر شوێنی ئازارەكە، لە ڕۆژێكدا دەتوانرێت 8-10 جار بەكار بهێنرێت .
گەرمی چ كاتێك بەكاردەهێنرێت ؟
دوای ئەوەی ئاوسان و هەوكردن كەم دەبێتەوە لە دوای پێكان، گەرمی یارمەتی چاكبوونەوەی شانە هەوكردووەكان دەدات لە پشتدا، هەروەها گەرمی كاریگەری هەیە لە زیادكردنی جوڵەی خوێن بۆ ناوچەی ئازارەكە و زیاتر هاتووچۆی ئۆكسجین و خۆراك بۆ ناوچەی ئازارەكە، هەروەها گەرمی ناهێڵێت سیگناڵی ئازار لە شوێنی ئازارەكەوە بڕوات بۆ مێشك و گرژ بوونی ماسوولكەكانیش كەم دەكاتەوە، دەتوانن بەم ڕیگایانەی خوارەوەش گەرمی بەكاربهێنن:
گەرمی بە دوو ڕێگا بەكار دەهێنرێت بەشێوەی وشك یاخود بەشێوەی تەڕ، بەشێوەی تەڕ واتە وەكو شاوەری گەرم، حەمامی گەرم، چوونە ناو ئاوی گەرمەوە، بەشێوەی وشك واتە وەكو بەكارهێنانی پاكی گەرم، خاولی گەرم، جەوەنەی گەرم، بەكارهێنانی بەشێوەی وشك ئاسانترە بەڵام پێست وشك دەكاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی چوونە ناوەوەی گەرمی دەدات بۆ ناو خانەكان.
لە چ حاڵەتێكدا گەرمی بەكار ناهێنرێت ؟
-نەخۆشی شەكرە
-بوونی برینی كراوە
-لەكاتی هەوكردنی پێست لەناوچەی ئازارەكە
هەروەها بە گشتی بۆ ئەوانەی وەرزش دەكەن دانانی گەرمی یارمەتیان دەدات بۆ كشانی ماسوولكەكان و نەهێشتنی گرژی و گەرم كردنەوەی ماسوولكەكان پێش ڕاهێنان، بەڵام دانانی ساردی یارمەتی كەمكردنەوەی ئازار و هەوكردن دەدات پاش وەرزش كردن.