مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ 25 ی خەرمانان ی 2723ی کوردی، بەرامبەر بە 16 ی ئەیلوولی 2023، یەک ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدکردنی (ژینا ئەمینی) کچە کوردی شاری سەقز ی ڕۆژهەڵات و هەڵگیرسانی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
دیاکۆ عەلەوی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز و هاوڕێی ژینا لە ساڵوەگەری گیان بەختکردنی هاوڕێیەکی دەڵێ : “یەک ساڵ دەبێت کە ناوی بووە بە ڕەمز؛ ڕەمزێک بۆ خۆڕاگری ژنان و سەرانسەری ئێران بۆ خەبات بە دژی ستەم و توندوتیژی حکومەتی کە بە دیکتاتۆرییەکی ئایینی چەندین ساڵە مرۆڤ دەکوژێت.”
دیاکۆ ئەوەش دەڵێ : “کاتێک کە ژینا (مەهسا) ئەمینیان کوشت، لە ناکاو زریانێک هەڵی کرد کە ڕواڵەتێکی دیکەی بە هیوا، تووڕەیی، ئازار و خۆڕاگری بەخشی. ڕەنگە مەهسا تەنیا وێنەیەک یان زانستێکی پەرشوبڵاو بێت بۆ زۆر کەس. بەڵام بۆ من، بۆ خەڵکی سەقز، و دۆستان و نزیکانی، پڕ بێت لەو بیرەوریانەی کە هێشتا لەگەڵمان دایە.”
ژینا (مەهسا) کێ یە ؟
ژینا ئەمینی، لەدایکبووی 20 ی ئەیلوولی 2000 ی شاری سەقز ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ڕۆژی 13 ی ئەیلوولی 2022 لە شەقامێکی تاران ی پایتەختی ئێران، بە بیانووی پابەندنەبوون بە حیجابەوە، لەلایەن پۆلیسی (ئەمنییەتی ئەخلاقی) بە لێدان و سووکایەتی پێکردن دەستبەسەر کرا و دوای سێ ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا.
بەرەبەیانیی ١٧ی ئەیلوول، تەرمی ژینا گواسترایەوە بۆ سەقز بە مەبەستی بە خاک سپاردن بردرا بۆ گۆڕستانی ئایچی. کاربەدەستانی ئێران ویستیان زووتر بە خاکی بسپێرن بەبێ ئامادەبوونی خەڵک، بەڵام خێزانەکەی ڕێگریان لێکردن و نەیانهێشت تا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە. دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی خەڵک زۆر کۆ نەبنەوە، ڕێگاکانی دەرەوەی شاری سەقزیان داخست. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین خەڵک لە شارەکانی تری کوردستان و ئێرانەوە بەشدارییان کرد له بەخاکسپاردنی ژینا و هەر لەوێ بە یەک دەنگ دروشمی «مردن بۆ دیکتاتۆر» و «کوشتن لەسەر ڕوو سەری تاکەی بکەین بوربەسەری» یان دژ بە کۆماری ئیسلامی گوتەوە .
دواتر ناوی ژینا بوو بە ڕەمزی ئازادی و بڵێسەی شۆڕشێک، پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەرزاند و کاربەدەستانی تووشی شۆک کرد .
شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)
مەرگی ژینا ی تەمەن 22 ساڵ، بوو بە هەوێنی زنجیرە خۆپیشاندانێکی کەموێنە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بوو بە یەکێک لە درێژخایەنترین و بەربڵاوترین خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە سەردەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێران.
خۆپیشاندانەکان لە ژێر ناوی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) بەردەوامی هەیە و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو کاتەوە تا ئێستا تەواوی هێزی خۆی بەکارهێناوە بۆ خامۆشکردنی شۆڕشەکە، لەم پێناوەشدا دەستی نەپاراستووە لە کوشتن و زیندانی کردنی بەشداربووانی شۆڕشەکە.
بە پێی ئەو ئامارانەی لە سەر قوربانیانی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بڵاوکراوانەتەوە، لانی کەم 573 کەس شەهیدبوونە، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی کوردستان و بەلووچستان و تاران بوونە.
هەروەها بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە کە مانگی شوبات ی ئەمساڵ بڵاوی کردووەتەوە، 144 هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و چەند شارێکی ئێران شەهیدکراون کە لە نێو قوربانیاندا منداڵ و ئافرەتیش هەیە .
جگە لە دەستبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی کورد .
لە سەقز هیچ شتێک ئاسایی نییە
شاری سەقز کەوتووەتە دۆخی نائاسایییەوە، ئێران ترسی لە کاردانەوەکانی مەراسیمی ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی هەیە، بۆیە چەندین هێزی تایبەتی ڕەوانەی شارە کوردییەکان کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری کرمانجی کەوتوون، لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، سنە، مەریوان، کامێران، ئەیوانی ڕۆژئاوا، جوانڕۆ، ئیلام و ئاودانانەوە، هێزەکانی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران لە شەقامەکان بڵاوییان پێکراوە، ئەمە جگە لەوەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەرجەم دەروازەکانی شاری سەقزدا جێگیر کراون و ڕێگری لە چوونە ناوەوەی ئەو هاووڵاتییانە دەکەن کە خەڵکی شارەکە نین.
چالاکوانێکی مەدەنیی دانیشتووی سەقز بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گۆڕستانی ئایچیدا جێگیر کراون و هەر چەشنە هاتووچۆیەک بۆ ئەم گۆڕستانە کۆنترۆڵ دەکەن.
هاووڵاتییانی ئەو شارە دەڵێن شارەکەیان ئێستا زیاتر لە سەربازگەیەک دەچێت .
چەک داماڵینی پارتەکانی ڕۆژهەڵات و دوورخستنەوەیان لە سنوور
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە هەوڵدان بۆ چەک داماڵینی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، هەر لە ترسی کاردانەوەکانی ساڵیادی شەهیدبوونی ژیناوە بووە، بۆیە ئێران بە پەلە هەموو کارەکانی کرد و هێزەکانی لە شوێنەکانی تری ئێرانەوە بەرەو شارەکانی ڕۆژهەڵات جووڵەی پێکرد.
باوکی ژینا دەستبەسەرکرا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمجەد ئەمینی، باوکی گیان بەختکردوو ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت، کاتێک لە ماڵەکەی خۆیان هاتووەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابوو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەم بنەماڵەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند: “ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەموو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردووە کۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین”.
ئێمە لەوێ دەبین
سەرەڕای ڕێگرییەکانی دەوڵەت، بەڵام بەشێکی زۆری بەشداربووانی شۆڕشی ژینا، لە شارەکانی تری ئێرانەوە بەرەو سەقزی ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە ڕێ و ڕایگەیاندووە کە ئێمە لەوێ دەبین، سەقزییەکان ئامادەکاری تەواویان کردووە و چاوەڕێ کاتی دەستپێکی مەراسیمەکە دەکەن .