شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی سۆران، گوتی: ئەم بەشە تایبەتە بە ڕێگریكردن لە نەخۆشییە گوازراوەكان و نەگوازراوەكان، هەروەها پێشتر ئەم بەشە لێرە نەبوو هەموو ڕینماییەكان لە هەولێر بۆمان دەهاتن، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی پەیوەندی بەم بەشەوە هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران ئەنجام دەدرێت.
د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەمە بەشێكی جیاواز لەخۆ دەگرێت، چاودێریكردنی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان و نەگوازراوەكان، كوتان، چاودێریكردنی تەندروستی منداڵ و دایكان تایبەت دایكانی دووگیان، چێشتخانە و كافتریاكان…هتد، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە تەندروستی هاووڵاتییان، هەروەها تیمێكی گەڕۆكمان دەبێ بۆ ئەوەی سەردانی چێشتخانە، كافتریاكان و ئەو شوێنانە بكەن كە خواردنەكان دەفرۆشن، بۆ دڵنیابوونەوە لە خۆراكە تەندروستەكان.
گووتیشی: هەروەها لەم بەشەدا لەسەر هەموو جۆرە نەخۆشییەكان ڕینمای دەردەكەین و لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشییەكانیشدا سمینار پێشكەش دەكەین هەم بۆ هاووڵاتییان هەمیش بۆ پزیشكەكان، هەروەها لینكێكمان هەیە بۆ هەموو نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان لەكاتی ڕوودانی نەخۆشییە گوازراوەكان بەگشتی لە ڕێگەی ئەم لینكەوە ڕینماییەكان و پێشگیرییەكان بدرێن بۆ ڕێگری كردن یاخود تووشبوون لە نەخۆشییەكان، هەموو ئەمانە پێشتر لە هەولێر بۆمان دەهاتن، بەڵام ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران ئەنجام دەدرێن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی سۆران، ئاشكراشی كرد: دروستكردنی كارتی مۆڵەت بۆ هەموو كارگە خۆراكییەكان و سەربڕخانەكان لای ئێمە سەرپەرشتی دەكرێن، هەروەها سیستمێكی نوێ بۆ كارتەكانی مۆڵەت و تەندروستی دادەنێین و گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.