بریارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و دەنگ لەسەر ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم بدات. پەرلەمانتارێكیش، دەڵێ: ئەوەی شاندی حكوومەتی هەرێم لەم قۆناغە مەبەستی بوو هاتەدی.
نەهرۆ رواندزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی بۆ زاری كرمانجی گوتی: سەردانەكەی مەسرور بارزانی و وەڤدی هاورێی بۆ بەغدا، كاریگەرییەكی زۆر بەرچاوی هەبوو، لەبەر ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق تێدەگەن، بڕیارەكانی حكوومەت بە ئاراستەی تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراقە، سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئەو زوڵمەی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بە تایبەتی سیاسەتی برسی كردنی هاووڵاتییان قەبووڵ ناكات، بۆیە زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆسێكان كرد و دواتریش ئەوەی شاندی حكوومەتی هەرێم لەم قۆناغە مەبەستی بوو هاتەدی.
ئەو پەرلەمانتارەی بەغدا، زیاتر گوتی: ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد بوو لە بەغدا كە وایكرد لایەنە عێراقییەكان بە جیاواز لەم سەردانە بڕوانن.
ڕواندزی، نەشی شاردەوە: لایەنە سیاسییەكان ترسی ئەوەشیان هەبوو، ئەو خۆسەپاندنەی ناوەند بەردەوام بێت، سەركردایەتی سیاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی توندی سیاسی وەربگرن و دۆخی عێراق بە تەواوەتی ئاڵۆز بێ و كار بگاتە سەر هەڵوەشانەوەی كابینەی ئێستای حكوومەتی ناوەندی”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نەهرۆ رواندزی گوتیشی: هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەتی عێراق، بڕیاریانداوە لە كۆبوونەوەی بەیانی دەنگ بدەن لەسەر ناردنی بڕی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ مانگەكانی (7 تا 12)ی 2023.