مستەفا دۆلەمەری- مێرگەسۆر:
ئەو سندۆقەی لە رۆژی ریفراندۆمدا زۆرترین دەنگی بەڵێی خرایە ناو ئێستا لە مۆزەخانەی شەهیدان لە بەرێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان پارێزراوە.
رێبوار رەمەزان، بەرێوبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە دەڤەری بارزان سندۆقی یەكێك لە بنكەكان ڕێژەی 100% دەنگی بەڵێی تێدابوو دوای ئەوەی لێژنەی باڵای ریفراندۆم بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان سندۆقەكەیان برد بۆ هەولێر و دوای تەواو بوونی سەرجەم رێكارەكانی كۆمسیۆن داوامان لە لێژنەی باڵای ریفراندۆم كرد كە سندۆقەكە پێمان بدەن، بۆ ئەوەی لە مۆزەخانەی شەهیدان دایبنێین.
گوتیشی:” ئەو سندۆقەی كە زۆرترین دەنگی بەڵێی تێدابوو زۆربەی هەرە زۆری كەسوكاری شەهیدانی دەڤەری بارزان بوون، كۆمسیۆن سندۆقەكەیان پێشكەش كردین و لە مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی جینۆسایدی بارزانییەكان دامان ناوە تا بۆ مێژوو بمێنێتەوە و وەك ئەرشیڤێك ببێتە شایەتحاڵی دڵسۆزی و پشتیوانی كەسوكاری شەهیدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان”.