مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
گوندی گیسكێ سەر بە ناحیەی گۆڕەتوو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، نزیكەی ٤٠ ماڵە دەبێت و هیچ سەرچاوەیەكی ئاویان نییە، ئاوی كانیاوەكەش خەریكە وشك دەبێت، بەوەش بێ ئاو دەمێنەوە.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: گوندی گیسكێ هیچ سەرچاوەیەكی ئاوی نییە تەنها ئاوی كانیان هەیە ئەویش خەریكە وشك دەبێت و پڕۆژەی ئاوی بەردەریش بۆ ناچێت، چونكە جێگاكە زۆر سەختە بە زەحمەت پێ دەگات.
دەشڵێ: ئەگەر بیری ئیرتیوازی لێبدرێت ئەویش سەركەوتوو نابێت، ئەمە لە كاتێكدایە چەندین جار بۆڕی ئاومان بۆ ئەو گوندە دابین كردووە و سەرچاوەی ئاوی كانیاوەكەمان پاكمان كردۆتەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچمان نەكردووە، چونكە كانیاوەكە خەریكە وەشك دەبێت.
مەجروم دینۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر، گوتیشی: لە بارەی كێشەی ئاوی ئەو گوندە، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، داوای لێكرم هەرچی پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی ئاوی بەردەری لە ماوەیەكی نزیكدا بەو گوندە بگات، بۆیە ئێمەش وەكو فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەوروبەری هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین، بەڵام هێزەكەی ئەوەندە زۆرە هیچ بۆڕیەك تەحەمولی ئەو فشارەی ئاو ناكات كە بگاتە گوندی گیسكێ، بۆیە پێویستە بۆڕییەكی تایبەت لە دەرەوە دابین بكرێت تاوەكو بتوانین ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكەین.