زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکرایکرد: قۆناغی یەکەمی پێوەری زیرەک کۆتایی دێت و قۆناغی دیکەی جێبەجێ دەکرێت، گوتیشی: جێبەجێکردنی سیستەمی پریبەید بەردەوامە، بەڵام وەک ئەزموون جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راگەیاند: پرۆسەی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید بەردەوامە، گلەییش لەبارەی نرخی کارەبای پریپەیدیش گەیشتووتەنە وەزارەت، بەڵام ئێمە ھەر لە سەرەتای جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا ئەوەمان ڕاگەیاندووە سیستەمی پریپەید وەک ئەزموون جێبەجێ دەکرێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە نەدراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: قۆناغی یەکەمی پێوەری زیرەک بەرەو کۆتایی دەچێت، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار پێوەر بەستراون، قۆناغی یەکەم بریتییە لە دانانی یەک ملیۆن و ٤٥٠ ھەزار پێوەر، دوای کۆتایی ھاتنی قۆناغی یەکەم قۆناغی دیکەی بەدوا دادێت.
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک کاریگەری لەسەر کەرتی کارەبا ھەبووە و ئەو بار زۆرییەی پێشتر لەسەر تۆڕی کارەبا ھەبووە نەماوە و لەچەندین ڕووەوە سوودی خۆی ھەبووە، ئەوەیش یەکێکە لە ئامانجەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی پێوەری زیرەک، دەتوانم بڵێم کارەبا کەمتر بەفیڕۆ دەچێت دوای سیستەمی پێوەری زیرەک.