زاری كرمانجی-سۆران:
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێین سبەی یەك شەممە حكوومەتی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات و تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەكۆتایی ئەمساڵ هەوڵدەدرێت ماددەكانی 12 و 13ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵ هەموار بكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر دەشڵێت: هەموو دەزانین ئەو فشارەی لەسەر فەرمانبەران و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەت لە لایەنێكی سیاسییەوە، چونكە لە خشتەی (و)ـی یاسای بودجەدا لە بڕگەی چواردا هاتووە، كە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نۆ ترلیۆن و 298 ملیار دیناری عێراقییە كە مانگانە 775 ملیار دیناری بۆ مووچەیە.