زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، دەڵێت، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا بنێردرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، نابێت لایەنگیری لە مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت و دەبێت هەموو بە یەک چاو سەیربکرێن.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین کار بۆ شایستەی هاووڵاتییان و مافەکانیان بکەن، چونکە ئەمە موڵک و سامانی هاووڵاتییانە پێویستە مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێنەوە.
هاوکات راشیگەیاند، هەروەکو چۆن هاووڵاتییانی بەسرە مووچە لەکاتی خۆیدا وەردەگرن، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمیش لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانی بە گوێرەی یاسا و دەستوور بۆیان خەرجبکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، دانووستانەکان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، “پێویستە لەبەر رۆشنایی یاسیا بودجە هەموو هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بنرێت”.
سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، دەڵێت: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ بابەتێکی دیکەوە نەبەسترێتەوە و پێویستە خەرجبکرێت، نابێت لایەنگیری لە مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت.
حەیدەر عەبادی، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دادپەروەری هەبێت و نابێت ئەو دادپەروەرییەش لە یەکلاییکردنەوەی حیسابە سیاسییەکاندا بتاوێندرێنەوە، “لەبەر ئەوەی ئەمە مافی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانە”.
سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، گوتیشی: کاتێک من لە دەسەڵات بووم هیچ کاتێک درێغیم نەکردبوو لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.