ئەمڕۆ پێنجشەم 14-9-2023 شاندی هەرێمی كوردستان بەسەردانێكی فەرمی گەیشتنە بەغدا، بڕیارە تا ئێوارە چەندان كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
شاندەكە پێكهاتووە لە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لەگەڵیان ئامادەن.
دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، هەر ئەمڕۆ كۆمەڵێك دیداریان لەگەڵ سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەبێت، لەناویاندا نووری مالیكی، هادی عامری، عەمار حەكیم، حەیدەر عەبادی و چەند سەركردەیەكی تر.
دوێنێ پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند” هەرێمی كوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك هەموو ناوچەكانی تری عێراق، شایستە داراییەكانیان و لەناویاندا مووچەیان پێ بدرێت.
زیاتر گووتی ” حكوومەتی هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكانە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، سەردانی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و تیمی حكوومەت، پێشاندانی نییەتی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری كێشەكان لەڕێی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، بەتایبەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە”.


































































