پۆڵا سەعید
وەک هەمیشە سوورم لەسەر ئەوەی کە لە ڕووی زانستییەوە دەسەلمێنرێت، فاشییەت وا لە ستراکتووری شێواوی کەسایەتیی بەشێکی گەورەی تاکی عەرەبی عێراقییدایە. بەشێکی گەورە گەورەی سیاسییە عێراقییەکان لە باشووری کوردستاندا ژیاون و خزمەت کراون، هەتا بێدەسەڵات بوون هاوڕێی کورد بوون، لێ هەر هێندەی گەیشتن بە دەسەڵات، ئیدی هاوشێوەی بەعس دوژمن بوون و دوژمنن، خودی سەددام حوسێن لە سلێمانیی پێگەییوە و منداڵیی لەوێ بەڕێ کردووە.
هاوڕێی شیرینم کاک جەودەت سۆفی چیرۆکێکی نایابی هەیە، کە منداڵیی خۆی لەگەڵ منداڵێکی عەرەب لە هەولێر بەسەر بردووە، لێ کاتێک لە هەڕەتی گەنجێتییدا لە سیاسەتدا چالاک دەبێت، هەر هەمان ئەم هاوڕێ عەرەبەی دەبێتە کارمەندی ئاسایشی عێراق (ئەمن) و کاک جەودەت سۆفی بە تاوانی کوردایەتی و ئەندامبوونی لە ڕێکخستنەکانی شار دەستگیر دەکات. ئەم هاوڕێ عەرەبە بە کاک جەودەت دەڵێ: ”تۆ ئەوەندە بێئەقڵیت وا دەزانیت کوردم خۆشدەوێت؟ نەخێر من عەرەب و بەعسم خۆش دەوێن.“ کاک جەودەت دەگێڕێتەوە و دەڵێ، کارەسات ئەوە بوو، کە بە هەق من ئەوم وەک برایەکی خۆم خۆش دەویست.
هەروەکوو چلۆن حزبی شیوعیی عێراقی بە دیدێکی هەڵە هەمان تێگەیشتنیان بۆ برایەتیی کورد و عەرەب هەبوو، هەروەکوو چلۆن تێکۆشانیان بۆ عێراق بوو نەک بۆ کوردستان، ئاوهاش ئێستا خەڵکانێکی دی بە هەمان دیدی حزبی شیوعی تێکۆشانیان بۆ عێراقە و کورد و عەرەب بە خوشک و برای یەک دەزانن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی؟ وەڵام: كاک ئازاد جوندیانی لە کتێبێکی نایابیدا بە ناوی (هەڵهاتن لە سەربەخۆیی) وەڵامی ئەم پرسیارە لە توێی ٢٣٠ لاپەڕەدا دەداتەوە، کە ئەویش هەڵهاتنە لە سەربەخۆیی. من پێشنیار بۆ خوێنەری ئازیز دەکەم، کە ئەم کتێبە بخوێننەوە. کتێبێکە پڕ زانیاری، پڕ مێژوو، کە لە ڕێگایەوە تێدەگەیت، کە کورد بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی عێراقی نەفرەتبوو لە سەربەخۆیی هەڵدێت، هەروەک هەڵهاتنی مامزێک لە دەستی گورگ.
هەڵهاتن لە سەربەخۆیی، دەستەواژە و دەربڕینێکی هەتا بڵێیت نایاب و پڕ واتایە، چونکە بۆ خودی خۆم پڕ دەروونناسییە. لە دیدێکی پسیشۆئەنالیزانەوە، تاک لە ڕەگ و چەقی کێشەیەک هەڵدێت، چونکە بەرگەی ناگرێت. تاک پەنا دەباتە بەر کۆمەڵێک مامەڵە، وەک شوێنی خۆحەشاردان، بۆ نموونە تووڕەیی، زیانگەیاندن بە خود، خۆسڕکردن لە ڕێگای ئەلکوهول، نارکۆ و ئاهەنگی بێ کۆتا و خۆشیی بێ کۆتا، هەتا سنوورەکانی (Gangbang).
بۆ نموونە، ئەگەر تاک خاوەنی نەخۆشیی شیزۆفرێن، یاخود بیپۆلار، یاخود ترس، یاخود بۆردەڵاینێکی قورس بێت، کە نەتوانێت بەرگەی بگرێت، ئەوا هەڵدێت، لە دەستی خودی خۆی هەڵدێت و بۆ حەشارگەیەک دەگەڕێت، کە خۆی تێدا بشارێتەوە. لێرەدا خەڵکی دەتوانن تووشی هەڵە بن بەرامبەر بە تاکێکی ئاوها، چونکە ئەوەی خەڵکی دەیبینن تەنیا تووڕەیی تاک، خەمباریی تاک، زیانگەیاندن بە خودی تاک و چەندیین سیمپتۆمی دیكەیە، چونکە چەقی کێشەکانی تاک نادیارە. تاک خاوەنی ترسێکی گەورەی نادیارە لە خودی خۆی، لەم ڕێگایەشەوە دەبێتە خاوەنی ترسێکی گەورە لەو ترسەی کە هەیەتی.
ئا لێرەدا دەستەواژەی (هەڵهاتن لە سەربەخۆیی) پڕ واتایە، چەق و ڕەگی کێشەکانی ئێمە داگیرکارە، کە وەک نەخۆشییەکی سەخت و قورس پێویستە دژی بجەنگێین. سەربەخۆیی چارەسەرە، لێ ترس لە توندوتیژیی داگیرکار وەها دەکات کە لە دەست سەربەخۆیی هەڵبێین. ئا لێرەدا تەنیا ئەوەندەمان بەسە، کە بیر لەو ترسە بکەینەوە، کە داگیرکار لە ڕێگای سزاوە تێماندا دروست دەکات، دیسان هەر لێرەدا بە بیرکردنەوە لەو ترسە دەبین بە خاوەنی ترسێکی دی، کە ناو دەنرێت ترس لە ترس.
لە عێراقێکی عرووبەی فاشیدا، کورد و عەرەب برا نین. عێراق نەخۆشییەکە و چارەسەر دژ بەم نەخۆشییە سەربەخۆییە، کە پێویستە بمانەوێت، نەک لە دەستی هەڵبێین. کورد لە کەركووک و خانەقین و شنگالدا لەژێر دەستی فاشییەتی عێراقدا، هاوشێوەی سەردەمی بەعس دەناڵێنن. سەربەخۆیی تاکە ڕێگا و چارەسەرە بۆیان، نەک هەڵهاتن لێی.