مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
عەدالەت عومەر نووسەر و چالاکوانی بواری جێنوساید، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بە بەڵگەوە وەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەداتەوە کە گوتبووی “هیچ شتێک بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا نییە.”
عەدالەت بەم شێوەیە وەڵامی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە و دەڵێ : “لە یاسای بودجە ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠٢٣ کە لە وقایعی عێراق ژمارە٤٧٢٦ بڵاوکراوەتەوە لە لاپەڕە ٧٠ باسی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم کراوە لە ستونی سێیەم لە پێش ناوی اقلیم کردستان کە لە ڕیزبەندی ٥٣ یە بە ناوی (تعویضات الموظفین) و بە بری ٩ ترلیۆن و ٢٩٩ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٦١٦ هەزار دینار عێراقی ئاماژەی پێکراوە.”
ئەو چالاکوانە ڕوونکردنەوەی زیاتر دهدات و دەڵێ : “لە هەمان کات لە ماددەی 13، هەشتەم- ئەلف، بە نووسین باسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان هاتووە.”
عەدالەت عومەر، نووسەر و ڕاوێژکار و لێکۆڵەری بواری جێنوساید لە درێژەی وەڵامدانەوەکەی بۆ سوودانی دەڵێ : ” یان ئەوەتە سوودانی یاسای بودجەی نەدیتیە، یان حەزیان لە شەڕ فرۆشتن و پێشێلکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستانە، وەک هەمیشە کە بە درێژایی مێژووی ١٠٠ ساڵە کردوویانە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی ڕۆژگار تاهەتایە لەسەر یەک پاژنە ناسورێ و دونیا دەوران دەورانە.”

