ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی خەواجە ئافتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەكە كرد.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و ئەنجامدانی كار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی، كە ئەندامی بانكی نێودەوڵەتییە و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.
پاشان بە چاودێریی سەرۆكی حكوومەت، ڕێككەوتننامەیەكی هاوكاری لە نێوان دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كرا.
ئەم ڕێككەوتنە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكە كە بۆ ماوەی چوار ساڵە، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان زیاد بكات، بە دیاریكراویش لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و ناوچە ئابوورییە تایبەتەكان و وزەی نوێبووەوە .