مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئەیلوولی 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 – 2024، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و ڕاگەیاند :”ئەمساڵ ژمارەی سەرجەم قوتابییانی هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 923 هەزار قوتابییە (لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا)،” ئەوەشی ڕاگەیاند کە زۆرترین ژمارەی قوتابییان تۆمار کرا بێت لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بووە کە ژمارەیان 158 هەزار قوتابیی بووە.
وەزیری پەروەردە هێماى بەوەش کرد کە لە دوو مانگی ڕابردوودا هەشت قوتابخانەی نوێ لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و تاوەکوو کۆتایی شوباتی 2024یش 22 قوتابخانەی نوێی دیکەی حکومی دەکرێنەوە”.
زیاتر وتی : “لە هاوینی ئەمساڵدا 107 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و 127 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستکراون و 20 هەزار کورسیش پێشکەش بە ناوەندەکانی خوێندن کراون، هەروەها 20 ملیۆن کتێب بۆ قوتابییان چاپکراون”.