موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر و قایمقامی قەزای سیدەکان، 58 مینی دژەکەسی لە کێڵگەمینی سپیندارۆک، سنوری گوندەکانی ( ژیلیا و بۆزان ) لەناوبران.
عەلی عەبدولڕەحمان بەرێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” کێلگە مینی سپیندارۆک بەشێکی دەکەوێتە سنوری گوندی ژیلیا و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە سنوری گوندی بۆزان لە سنووری کارگێڕی قەزای سیدەکان، ڕووبەری گشتی کێڵگەکە/لە 299253 م٢ پێکدێت، لەم رێژەیەدا، زیاتر لە 115000 م٢ لێی پاککراوەتەوە و ٢٩٨ مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزراونەتەوە و لەناوبراون.
گووتیشی:” تەنها ئەمڕۆ، ٥٨ مین لەناوبران کە کۆی گشتی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزراوە لەو کێڵگە مینەدا دەبێتە ۳٥٦ مین.هەروەها کۆی ڕووبەری پاککراوە دەبێتە زیاتر لە 115000 مەتر دووجا، دوای پڕۆسەی دڵنیابوونەوە و سامپلکردن بەپێی رێکاری تەکنیکی ئەو بەشە پاککراوە ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە بەمەبەستی سوودوەرگرتن لێی.
جێگەی ئاماژەیە، لەو کێلگە مینەدا، رووداوی زۆر روویانداوە بەتایبەتی خەڵکی گوندی ژیلیا کە زیاتر لە ۳۰ کەسن و لەو رێژەیەدا ۱۱ کەسیان مردوون و ئەوانیتریش کەمئەندام بوونە.