د. ئازا – زاری كرمانجی :
لەگەڵ هاتنی وەرزی نوێی خوێندن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز قوتابخانەی
Canadian International School-Rawandz كەنەدی نێودەوڵەتی حكومی لە ڕواندز دەكاتەوە.
شۆرش ئیسماعیل نەجم، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بە زاری كرمانجی راگەیاند: كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە لە ڕواندز مژدەیەكی خۆشە بۆ خەڵكی ئەو شارە و هۆكارێكی بەهێز دەبێت لە داهاتوو بۆ بەرەوپێشچوونی زانست و پەروەردە، چونكە وانەكانی لەسەر دەستی مامۆستایانی ئەزمووندار و بە توانا بەڕێوەدەچێت و ئەو مامۆستایانە بەردەوام خول و ڕاهێنانیان پێ دەكرێت و پڕۆگرامەكانی خوێندن لە قوتابخانەكەمان بە زمانی ئینگلیزیە و جگە لەمەش بە هاوبەشی لە لایەن پەروەردەی ڕواندز و ستافێكی كەنەدی و ئیماراتی سەرپەرشتی دەكرێن.
بەڕێوەبەری قوتابخانەكە، گوتیشی: ئەوەی لای ئێمە گرینگە پەراوێز نەخستنی وانەكانی كوردی و وەرزشە كە دەمانەوێت بایەخی زۆریان پێ بدەین و لە ئەولەویەتی پڕۆسەی خوێندن و كارەكانمانە.
م. شۆڕش، دەشڵێ: لە ئێستادا دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە و شوێنێكمان لە گەڕەكی بانەزێووك دیاریكردووە بۆ ئەوەی كارەكانی ئەو قوتابخانەییەی لێ ئەنجامبدرێت و قوتابییان بەسەر چەند ئاستێك دابەشدەكرێن بۆ وەرگرتن لەم وەرزەی خوێندنی 2023-2024 تەنها دەتوانن قۆناغی یەكەم وەربگرن.
بەڕێوەبەری قوتابخانەكە، باسی لەوەشكرد” ئەمە بۆ یەكەمجارە لە سنووری ئیدارەی سۆران قوتابخانەیەكی نێودەڵەتی حكومی بكرێتەوە و جێگەی خۆشحاڵیمانە كە پەروەردەی ڕواندز لەمەش دەستپێشخەربوونە و سوپاسی پاڵپشتی و هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز دەكەین بە تایبەت هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا چنوور مەزهەر محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانە نێودەوڵەتییە لە شاری ڕواندز.
لە كۆتاییدا م.شۆڕش ئیسماعیل، لە رێگەی زاری كرمانجییەوە چەند تێبینیەكی سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابییان خستەڕوو:
1- هەر قوتابییەك تۆمار بكرێت تاقیكردنەوەی زیرەكی پێ دەكرێت.
2- كرێی تاقیكردنەوەی زیرەكی بۆ هەر قوتابییەك كە ناونووس دەكرێت (50،000) پەنجا هەزار دینار دەبێت.
3- ژمارەی ئەو قوتابییانەی كە وەردەگیرێن تەنها (100) سەد قوتابی دەبێت وە دوای دەرچوونیان لە تاقیكردنەوەكە (50) پەنجا قوتابی لە ڕواندز وەردەگیرێت و (50) پەنجا قوتابی تریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت.
4- ئەو قوتابییانەی لە تاقیكردنەوەی زیرەكی دەرناچن بڕی (25،000) بیست و پێنج هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە.
5- كاتی دەوام لەم قوتابخانە لە كاتژمێر ٨ ی بەیانی تاوەكو ٢ ی دوای نیوەڕۆ دەبێت و لە ڕۆژانی یەكشەممە تاوەكو پێنجشەممە.
6- كاتی تۆماركردن و وەرگرتنی قوتابییان لە چەند ڕۆژێكی تر كۆتایی پێ دێت، بۆیە پێویستە دایك و باوكان پەلە بكەن لە تۆماركردنی ناوی منداڵەكانیان.
تێبینی:
شوێنی قوتابخانە: شاری ڕواندز -گەڕەكی بانەزێوك -ڤێلاكان.
بۆ زانیاری زیاتر و پەیوەندی كردن: 07504194621 یان 07824194621