د. ئازا – زاری كرمانجی:
لە هەر شوێن و كۆمەڵگەیەك مەراسیمی پێشوازی لە قوتابخانەكان و سەرەتای وەرزی خوێندن بەجۆرێكە كە بگونجێت لەگەڵ پڕەنسیپ و بەها كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكانی خوێندنی ئەو وڵاتە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین سوود لە هەندێ بیرۆكەی جوان و مۆدێرن وەربگرین كە لەم دۆخە سەختە ئابووریەی تییدا دەژین هەرنەبێت بتوانین دڵی منداڵان و قوتابینەكانمان لە قوتابخانەكان خۆش بكەین.
شێوازی پێشوازی كردن لە قوتابییان لە قوتابخانەكان بە چەند خاڵێك دەخەینەڕوو:
- سازدانی ئاهەنگێكی خنجیلانە بە مەبەستی پێشوازی و بەخێرهاتنەوەی قوتابییەكان لە یاریگەی قوتابخانە.
- دابەشكردنی دیاری بچووك و كەم تێچوو بە تایبەت بۆ قوتابییەكانی تازەوەرگیراو، مەبەست پۆلی یەكەمی سەرەتایی.
- وێنەگرتنی قوتابییەكان لەگەڵ دایكان و باوكان و مامۆستاكانیان، بە كامێرای تایبەتی قوتابخانە.
- ئامادەكردنی كارەكتەرە كارتۆنییە بەناوبانگەكان بە پۆشینی جل و بەرگەكانیان، لە پێناو هەستكردنی قوتابییانی تازەوەرگیراو بە دڵخۆشی و باوەڕ بەخۆبوون.
- نیشاندانی گشت شوێنەكانی قوتابخانە لە هۆڵ و پۆل و ژووری مامۆستایان و بە قوتابییانی تازە وەرگیراو، و ئاگاداركردنەوەیان لەهەر شوێنێك كە مەترسی لەسەر بێت.
- مەرج نیە لەیەكەم ڕۆژەوە ڕاستەوخۆ دەستبكرێتەوە بە خوێندن، دەكرێت ڕۆژی یەكەم تەنها قسەی خۆش و ئاراستەكردنی پەروەردەیی باش بێت بۆ قوتابی، لە شێوازی هەڵسوكەوت و قسەكردن و ڕێزگرتن و چۆنیەتی و جۆری خۆراك و نوستنێكی تەندروست و پاك و خاوێنی.
- هەوڵبدرێت ناسنامەیەك كە قوتابخانە خاوەندارییەتی بكات بۆ قوتابی دروست بكرێت، ئەمە تاقیكراوەتەوە دەرەنجامی باشی هەبووە و بووە بە دڵخۆشی زۆری قوتابی، بە تایبەت لەوكاتەی ئەو ناسنامەی لە گیرفانە.
- گرینگە كە مامۆستاكان وەك هاوڕێ هەڵسوكەوت لەگەڵ قوتابییەكانیان بكەن و هاندەربن بۆ قوتابییەكان و گەشبین بن بە داهاتوویان.
- ئەنجامدانی چەند یارییەكی هزری و عەقڵی لەناو پۆل، گرینگە لە ڕۆژی یەكەمی گەڕانەوەی قوتابییەكان.
- دروستكردنی كەشێكی لەبار جگە لەوەی كە مامۆستا گفتۆگۆ بكات لەگەڵ قوتابییەكانی و قوتابییەكانیش خۆیان لە شێوەی گرووپات یان بەهەر شێوەیەكی تر قسە لەگەڵ یەكتر بكەن و بیروبۆچوونەكانیان ئاڵوگۆڕ بكەن.
- ئەنجامدانی هەندێ چالاكی جەستەیی بە شێوازێكی زانستی لە یاریگەی قوتابخانە و ڕەخساندنی كەشێكی باش بۆ وەرزش.
- ناساندنی پەرتووك و بابەتە نوێیەكان، لە پێناو ئامادەبوونی قوتابی بۆ وەرگرتنی بابەتەكان لە ڕۆژانی داهاتوو.
- پێدانی خشتەی بابەتەكان بە قوتابییان و چۆنیەتی دابەشكردنی شێوازی نمرە و پێداویستییەكانی خوێندن.
- پرسیاركردن لە قوتابییان لە باسكردنی ئەو یادگارییە خۆشانەی كە لە ساڵی ڕابردوو بینیویەتی و دڵی پێ خۆش بووە.
- قسەكردن لەگەڵ قوتابی دەربارەی زوو نوستن و زوو لەخەو هەستان و گرینگی خەوی تەندروست بەشێوەیەكی گشتی.
- قسەكردن لەگەڵ قوتابی لە گرینگی دان بە خۆراك و تەندروستی و پاك و خاوێنی بە شێوەیەكی گشتی.
ئێوەش دەتوانن بە نوسینی چەند خاڵێك لە كۆمێنت بابەتەكە دەوڵەمەند بكەن.