زاری كرمانجی- سۆان:
پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێكیان بۆ كۆكردنەوەی واژوو بە مەبەستی فشارخستنە سەر حكوومەتی فیدراڵی دەست پێ كردووە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەنێو هۆلی پەرلەمانی عێراق لەژێر چاودێری د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، خەریكی كۆكردنەوەی واژووین بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەپەلە ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر و فشار لە حكوومەتی فیدرالی بكات بۆ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە 3 مانگە نەنێردراوە.
ڕاشیگەیاند: تا ئێستا 96 واژوومان بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆكردۆتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند: جێگەی خۆیەتی سوپاسی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان و هەندێك لە فراكسیۆینە عێراقییەكان بكەین كە لە هەڵمەتەكەدا بەشداربوونە و واژوویان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە.
سیپان شێروانی پەرلەمانتاری پارتی دڵنیاییشی دا كە هەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەن. جەختیشی كردەوە كە دڵنیابن ئەم دۆخە خراپە بەمشێوازە بەردەوام نابێت.