سیروان مزوری
بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە
وةك رێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە ساڵی نوێی خوێندنی٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە سەرجەم مامۆستا و قوتابیان پیرۆز دةكةين، بە هیواین ئەم ساڵی خوێندن ببێتە هۆی نەمانی گرفتەکان و هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشەکان و زیاتر سەوز بوونی هەرێمەکەمان.
ئەگەر بمانەوێت ژینگەیەکی جوان و تەندورستیەکی باش بۆ نەوەکانمان دەستەبەر بکەین، پێویستە لە ناوەندەکانی خوێند دەست پێبکەین، دەبێت قوتابیانمان فێری هۆشیاری ژینگەپارێزی و ڕۆشنبیری پاکو خاوێنی بکرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە نەوەیەکی وەفادار بۆ خۆیان و وڵات و نیشتیمانەکەیان و ژینگە بپارێزن و دووربن لەو نەخۆشیانەی ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە.
بۆ ئەوەی هەنگاو و پلانەکان جێبەجێ بکرێن و قوتابیانمان زیاتر هۆشیاری ژینگەپارێزیان لا بەرجەستە بێت، پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنە بەر:
۱. قوتابیانی قۆناغی یەکەم واتە سەرەتایی، بە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانەوە، پێش دەستپێکردنی خوێند هەوڵبدرێت هەفتەی یەکەم زیاتر پەیامی هۆشیاری پەروەردەی و ژینگەی و تەندروستی بۆ قوتابیان باس بکرێت بەوەی ژینگە بەوە پارێزراو دەبێت کە پاشماوە و کەل و پەلەکان فڕێنەدرێنە ناو پۆل و دەرەوەی پۆل و گۆڕەپان، بەڵکو پێویستە قوتابی ڕابهێنرێت بەوەی پاشماوەکەی فرێ بداتە ناو زەبالە یان شوێنی تایبەت بە زبڵ و خاشاک کە بۆی دیاری کراوە.
٢. فێرکردنی منداڵان یان قوتابیان بۆ چاندنی گوڵ و نەمام لە ناو باخچەی ساویان یان قوتابخانە بۆ ئەوەی زیاتر ڕوحیەتی ژینگە و پاراستنی ژینگە لە ناخیاندا ڕەنگبداتەوە.
۳. قوتابیان فێری ڕێزگرتن بکرێن لە دایک و باوک و مامۆستاکانیان و دواجار کۆمەڵگە بەگشتی.
٤. قوتابیان فێری ڕێزگرتن بکرێن لە ئاڵا وکەڵتوور و زمان و نیشتیمان و پاراستنی ژینگە وخاک ووڵات.
٥. قوتابیان فێری ڕێزگرتن بکرێن لە دەستکەوتەکانی گەل و نیشتیمان وسەروەریەکانی و خوێنی پیرۆزی شەهیدانی رێگای ئازادی.
٦. قوتابیان فێری ڕێزگرتن بکرێن لە ڕەمزە نەتەوەیی و ئاینیەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و بیر و بۆچونە جیاوازەکان.
جگە لەمانە ڕێکخراوی وار بۆ پاراستی ژینگە، وەک هەمیشە پلان و بەرنامەی ژینگەیی دەبێت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی سمینار و دابەشکردنی بڕۆشەر لەبارەی گرنگی سامانی ئاو و پاراستنی ژینگە، هەروەها پلانی ساڵانەمان هەیە بۆ چاندنی نەمام و گوڵ بۆ زۆربەی قوتابخانەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پلان و بەرنامەی زیاتر دادەڕێژین بۆ زیاتر خزمەتکردنی ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی قوتابیانمان لە ژینگەیەکی پاکدا هەست بە ئاسودەیی دەروونی بکەن و بۆ ئامانجەکانیان تێبکۆشن لە پێناو داهاتووی خۆیان و نیشتیمانەکەیان.