زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2023 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و پشتبەستن بە دیالۆگ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
ئاماژە بەوەشدراوە، هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، بە مەبەستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆ و دانوساندن و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە تایبەت لە بابەتی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر.
هەروەها باڵیۆزی ئەمەریكا دڵگرانیی خۆی لەمەڕ گرژی و ڕووداوەكانی كەركووك و قوربانیبوونی هاووڵاتیان دەربڕی.
هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتكردەوە و راشیگەیاند، گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت و هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە، چاوەڕوانی ئەوەن كە هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ راستكردنەوەی بارودۆخ و پاراستنی سەقامگیریی كەركووك و گرتنەبەری رێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو كەسانەی بوونە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی و رشتنی خوێنی هاووڵاتیانی كەركووك.
وەک لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و پێویستیی هاودەنگیی ناوخۆیی هەرێم و چارەسەربوونی كێشەكان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە درێخی ناكەت لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەربوونی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێم و بە پێویستی زانی ڕێگەی دیالۆگ و میانڕەوی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوولا بگیرێتە بەر.