مستەفا دۆلەمەری – بارزان:
پڕۆژەی ئاوی كانی بەردەری ئاو بۆ سەنتەری قەزای مێرگەسۆر و چوار ناحیە و 92 گوند دابین دەكات، بەگوتەی بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر، پڕۆژەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و كارمەندی زیاتر هەیە.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: پڕۆژەی ئاوی كانی بەردەری 16 ساڵە دروست كراوە، لە 21 مەحەتە و 42 مۆلیدە پێك دێت، مۆلیدەكان كۆن بوونە و پێویستیان بە گۆڕینە، جگە لەوەی ئەو پڕۆژەیە مانگانە زیاتر لە 500 هەزار لیتر گازی پێویستە.
مەجروم دینۆ، دەشڵێ: ئەو پڕۆژەیە بە چەند قۆناغێك فراوان كراوە قۆناغی یەكەم تەنها 42 گوند و ناوەندی قەزای مێرگەسۆر و ناحیەی گۆرەتوو، ناحیەی مەزنێ سوودمەندبوون، لە قۆناغی دووەم فراوانتر كرا بۆ ناحیەی شێروان و گوندەكان تا دەگاتە كۆمەڵگەی سێلكێ و ناحیەی پیران و ئەو گوندانەی كە دەكەونە دەرەوەی سنووری پڕۆژەی ئاوی بەردەری كە نزیكەی 67 گوندن.
مەجروم دینۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر، ئاشكراشیكرد: تەنها ئەمساڵ نزیكەی 20 فەرمانبەر لە فەرمانگەكەمان خانەنیشین كراون و جێگەیان بە بەتاڵی ماونەتەوە ئەگەر دامەزراندن یاخود گرێبەست نەبێت ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو هیچ كەسێك نابێت كار لەسەر پڕۆژەكە بكات، بەتایبەت پڕۆژەی ئاوی كانی بۆت و پڕۆژەی ئاوی كەونەگوند كە هەر یەكەیان لە سێ مەحەتە پێكدێت و پڕۆژەی ئاوی ئینەمسید لە چوار مەحەتە پێكدێت، پڕۆژەی ئاوی كونەمار لە دوو مەحەتە پێكدێت، لە هەر محەتەیەك پێویستیمان بە سێ كارمەند هەیە، ئەگەر دامەزراندن نەبێت یاخود گرێبەست ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا ناتوانین كار لەو پڕۆژەیە بكەین.