زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” زۆربەی ئەو نەخۆشانەی تووشی شێرپەنجەی پەنكریاس دەبن ژانیان هەیە و كێشیان دادەبەزێت، لەوانەیە تووشی زەردووییش ببن.
د. سەركەوت خۆشناو، پزیشكی ڕاوێژكاری بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دەڵێت” زۆربەی ئەو نەخۆشانەی تووشی شێرپەنجەی پەنكریاس دەبن كێشیان دادەبەزێت و ژانیان هەیە، هەندێكجار لەوانەیە تووشی زەردوویی و سكچوونیش ببن.
نیشانەكان:
-ژان نیشانەیەكی زۆر باوە و بە توندی دەیگرێت، زیاتریش لە سەرەوەی زگ و دەوری پشتە، هەروەها بەردەوام نییە و جارجار دەیگرێت و بەری دەدات، لەوانەیە پاش نان خواردن خراپتر ببێت.
-كێش دابەزین: ئەو نەخۆشانە هەست بە برسیەتی ناكەن، یان ئەگەر هەست بە برسیەتیش بكەن پاش خواردنی بڕە خۆراكێكی زۆر كەم هەست بە تێر بوون دەكەن.
-زەردوویی: تووشبووی ئەم نەخۆشییە سپیاتی چاو و پێستیان زەرد دەبێت، پیساییان چیتر قاوەیی نامێنێت و ڕەنگێكی ڕەساسی دەگرێت، ئەم زەردووییەش بۆیە ڕوودەدات چونكە ئەو بۆڕییەی كە شلەی زەرداو لە توورەگەی زەرداو دەگوازێتەوە بۆ ناو ڕیخۆڵەكان دەگیرێت و ئەمەش بۆیە ڕوودەدات چونكە گرێ شێرپەنجەییەكە پاڵەپەستۆ دەخاتە سەری و ناهێڵێت شلەكە لە ناوی هاتووچۆ بكات.
-سكچوون: هەندێك لەو نەخۆشانەی تووشی شێرپەنجەی پەنكریاس دەبن سكچوونیان دەبێت، ئەویش لە بەر دوو هۆكار یەكەمیان ئەو ئەنزیمانەی كە لە حاڵەتی ئاسایی پەنكریاس دەریان دەكات و یارمەتی هەرسكردنی خۆراك دەدەن، لەكاتی بوونی گرێی شێرپەنجەیی لەوانەیە پەنكریاس نەتوانێت بەشێوەیەكی ڕێك وپێك دەریان بكات، هەروەها دووەمیشیان شلەی زەرداو كە یارمەتی شكاندنی ماددە چەورییەكان دەدات لەناو ڕیخۆڵەكان، لەوانەیە نەگاتە ناو ڕیخۆڵەكان لەبەر گیرانی ئەو بۆڕیەی كە دەیگوازێتەوە، هەر لەبەر ئەم دوو هۆكارەش پیسایی ئەو نەخۆشانە لەوانەیە شل بێت و وەكو گریس دەربكەوێت چونكە پڕە لە چەوری هەرس نەكراو، جگە لە شێرپەنجەی پەنكریاس، نەخۆشی تریش لەوانەیە ئەو نیشانانە دروست بكەن بەڵام ئەگەر یەكێك یان زیاتر لەو نیشانانەی سەرەوەت هەبوون، ئەوا سەردانی پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە بكە چونكە لەوانەیە هۆكارەكەی شێرپەنجەی پەنكریاس بێت.