زاری كرمانجی- سرێشمە:
لە شارەدێی سریشمە ژمارەیەك گەنجی خۆبەش لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانییەوە رێزیان لێنرا و سوپاسنامەی پێ بەخشرا.
سۆران شێرزاد، سەرۆكی شارەوانی سرێشمە لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت ” لە بەرامبەر ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی و هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی و خزمەتكردنی نیشتمان و گرنگیدان بە پرسی ژینگە و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی كۆمەڵێك دار، و چاككردنی چەند كانیاوێك بۆ دابینكردنی سەرچاوەی ئاو بۆ ڕێبواران و گیانەوەرە كێوییەكان، بە پێویستمان زانی سوپاس و پێزانین ببەخشینە ژمارەیەك لەو گەنجە خۆبەخشانە”.
سەرۆكی شارەوانی سرێشمە زیاتر گووتی ” ژینگە وەك بوارێكی گرنگ ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە دابینكردنی تەندرووستی باش و بەخشینی جوانی بە وڵات و نیشتمانمان، هیوادارین چاڵاكی ژینگەیی لەو جۆرە بەردەوام و فراوانتر بێت، بۆ ئەوەی گەنجانی تریش چاوی لێبكەن، و ببێت كلتور و لە ژیانی ڕۆژانەی هەمووان ڕەنگبداتەوە”.