زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ 62 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت، هەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكرێتەوە.
لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر هەڵگیرسا و گشت كوردستانیان و كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان تێیدا بەشدار بوون، زەنگی ڕووبەڕووبونەوە لێدرا و لە هەموو ناوچەیەك سەركەوتن لە دوای سەركەوتن بەدەست دەهات.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پێشڕەوایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی ڕەوای گەلێكی خاك و ماف زەوتكراو بوو، پرۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرتاسەری بوو كە كۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و چینایەتی و هەموو ئینتیما لاوەكییەكان و سنوورە دەستكردەكەی نیشتمانی تێپەڕاند.
دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، بەدرێژایی 14 ساڵی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و جەماوەری كوردستان بەگژ زۆڵم و ستەمی حكوومەتی ئەوكاتی عێراقدا چوونەوە بە هەموو پێكهاتە و بۆچوونە جیاوازەكانی خەڵكی كوردستان بەشدارییان لە شۆڕش كرد و سەرەنجام حكوومەتی ئەو كاتی عێراقی ناچاركرد ڕێككەوتنی ١١ی ئادار ئیمزا بكات و دان بە بەشێكی زۆری مافەكانی گەلی كورددا بنێت.