زاری كرمانجی- سۆران:
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، زیاتر لە 50%ـی کارەکانی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەواوبوونە و “بەم نزیکانە پڕۆژەکە تەواو دەکرێت”.
ئەمڕۆ یەک شەممە، 10ـی ئەیلوولی 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کارکردن لە پرۆژەی بەدووسایدکردنی ڕێگەی سپیلک – خەلیفان، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەردەوامە و بەمنزیکانە تەواو دەکرێت.
درێژیی ڕێگاکە 10 کیلۆمەترە و پانییەکەشی 16 مەترە، تێچووەکەی 76.5 ملیار دینارە؛ کارکردنیش تێیدا، 400 هەلی کاری بۆ دەستیکاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو: “لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگەوبان وەکو ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە و لە هەموو کوردستان ئەم پرۆژانەمان جێبەجێ کردوون. بەرنامەی زۆرمان هەیە لەڕووی گەشتیاریشەوە گرنگییەکی زیاتر بەم ناوچەیە بدەین، دیزاین و پلانی زۆریش خەریکە ئامادە دەکرێت، بۆ ئەو ئەو ناوچەیە، تا لە ڕووی گەشتیارییەوە سەرنجڕاکێشتر بێت و گەشتیاران لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی ئێرە بکەن.”
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆژەی ڕێگەی سپیلک – خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، زیاتر لە 50%ـی کارەکانی تەواو بووە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا سەرجەم کارەکانی دیکەی تەواو دەکرێن و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی ناوچەکەوە.
ئەم پرۆژەیە، بەشێكە لە ڕێگای هامڵتۆن كە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە؛ دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی ئیدارەی سۆران.