زاری کرمانجی – سۆران :
لە ئێستادا بە پێی ئامارى دەزگای ناوەندی کۆکردنەوەی گشتی و ئامار بۆ ساڵی 2023، ژمارەی دانیشتووانی میسر گەیشتووهته 105 ملیۆن کەس. سەرۆکی وڵات دەڵێ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەگەڵ تیرۆر، دوو مەترسیی گەورەن بۆ سەر وڵاتەکەی.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە کۆنفرانسی جیهانی دانیشتووان و تەندروستیی و گەشەپێدان، دوو مەترسی گەورەی ئاشکرا کرد کە بوونەتە هەڕەشە و کارەساتبار بۆ سەر وڵاتەکەی، کە ئەویش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و تیرۆرە.
ئەگەرچی ڕێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتە بەراورد بە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کەمی کردووە، بە پێی ئاماری دەزگای ناوەندی کۆکردنەوەی گشتی و ئامار بۆ ساڵی 2022 ژمارەی لەدایکبوونەکان گەیشتووەتە 2.2 ملیۆن کەس. بەڵام سەرۆکی وڵات هۆشداری دەدات و دەڵێ : “بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو، نابێت ژمارەی لەدایکبوون لە میسر لە 400 هەزار لە ساڵێکدا تێپەڕیت.”
میسر لە ڕووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە لە پلەی چواردەیەمی جیهان دێت و ڕۆژانە زیاتر لە 6 هەزار منداڵ لە دایک دەبن بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوەندی کۆکردنەوەی گشتی و ئامار، واتە لە هەر خولەکێک 4 منداڵ دێنە بوون.
ئەمەش وای لە عەبدولفەتاح سیسی کردووە بیر لە گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتی چین لە کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی لەدایکبوون بکاتەوە و تا بتوانێت ڕێگری بکات لە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان لە وڵاتەکەی.