زاری كرمانجی -سۆران:
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، دەڵێت: دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بۆتە خێر و بەرەكەت بۆ خەڵكی مێرگەسۆر و دەوروبەری و بە سەدان هەلی كاری ڕەخساندووە.
كۆڤان رەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بەهۆی كردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاوەدانییەكی زۆر رووی لە ناوچەكەمان كردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەی سەدان هەلی كاری ڕەخساندووە، كە ئێستا رۆژانە زیاتر لە هەزار گەشتیار بەو دەروازەیە هاتووچۆ دەكەن.
دەشڵێ: گوندەكانی زێت، هوپە و ئیدلبێ ڕێگاوبانیان بۆ چووە و ئاوەدان دەكرێنەوە، لە داهاتووشدا چەند گوندێكی دیكە ئاوەدان دەكرێنەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، گوتیشی: لە ماوەیەكی نزیكدا دەست دەكرێت بە قۆناغی دووەمی رێگەی زێت ئەویش قیرتاو كردنی رێگاكەیە بە درێژای ١٣ كم.