زاری كرمانجی – سۆران:
كارزان كەریم، مامۆستا لە زانكۆی سۆران پرسیار دەكات و دەڵێت: بۆچی لە زانكۆی سۆران كرێی خوێندن بۆ هەر ساڵێكی خوێندنی باڵا لە هەموو زانكۆكانی كوردستان گرانترە.
ئایا پێتان وانییە ئەوە تەنها گرانكردنی باری سەرشانی ئەو قوتابییانەیە كە لەم زانكۆیە دەخوێنن و هیچی تر ؟ بۆچی دەبێت بەم شێوەیە بێت ؟
سوپاسی هەر بەڕێزێك دەكەم ئەم بابەتەم بۆ شی بكاتەوە و حاڵیم بكات بۆ دەبێت زانكۆی سۆران لە هەموو زانكۆكانی تر خۆی جیا بكاتەوە و كرێی خوێندنی زیاتر داوا بكات لە قوتابییەكانی ئایا ئەوە كەی ڕەوایە بەم جۆرە، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین لە ئێستادا هەرێمی كوردستان و فەرمانبەران و هاونیشتمانیان بە گشتی لە چ دۆخێكی سەختی ئابووری دا دەژین.
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بۆ ئێمەی قوتابی، زانكۆی سۆران لە هیچ ڕووێكەوە لە زانكۆكانی كوردستان جیاوازتری نابینین، بۆیە تێناگەین كە ئەم بڕیارانە لەسەر چ بنەمایەك دەدرێن ؟
ئەوەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەكەم جیاوازی كرێی خوێندنی ساڵێكی قوتابی دكتۆرا لە زانكۆی سۆران و بەشێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە بە نموونە، ئەگەر سەرنج بدەیت لە زانكۆی سۆران كرێی خوێندن لە هەموو زانكۆكان زیاترە:
- زانكۆی سۆران بۆ هەرساڵێك 3،850،000
- زانكۆی كۆیە بۆ هەر ساڵێك 2،475،000
- زانكۆی سەلاحەدێن بۆ هەر ساڵێك 2،200،000
- زانكۆی سلێمانی بۆ هەر ساڵێك 1،925،000