زاری کرمانجی – سۆران :
هەفتەی ڕابردوو سێ گەنجی کورد لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەرکران و هەر وەکوو خانەوادەکانیان بۆ ڕای گشتی باسی دەکەن تا ئێستا چارەنووسی ڕۆڵەکانیان نادیارە و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی مانەوەیان بدەن.
فەردین سداقەت ی تەمەن 20 ساڵ و تەحسین یوسف ی تەمەن 19 ساڵ و موسلم حەمدی، دووشەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزێکی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵەکانیان دەستبەسەرکراون و دواتریش براون بۆ گرتووخانەی کرماشان.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە و دەستبەسەرییان کردوون.
سەرچاوەکە ئەوەشی درکاندووە کە ئەم سێ گەنجە، سەرەتا بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ بنکەیەکی دەزگا ئەمنییەکانی کرماشان براون و دواتر ڕاگوازراون بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا چارەنووسی ئەو سێ لاوە نازانرێت چیان بەسەرهاتووە.